تەنیا لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا نزیک بە دە کەس لە لاوانی کوردی ناوچەی هەوشار بە بیانووی جۆراوجۆر لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیراون.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری “چاونیوز” رۆژی ٢٣ی پووشپەڕ لە ئاوایی قۆزلووی سەربە شاری سایینقەڵا لە ناوچەی هەوشار سێ کەس بە ناوەکانی عەلی ئیبراهیمی، خالید ڕەحیمی (ناسراو بە خالید فیلمبەردار) و مەحموود قسمەتی دەستبەسەر و بێسەروشوێن کراون. لە درێژەی ئەم ڕەشبگیریەدا هیزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری سایینقەڵا كاتژمێری ٤ی بەیانیی ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ پەلاماری گوندی “قانزالی”یان لە ناوچەی ئاڵەشین دا و لە ئاكامدا دوو كەسیان بە ناوەکانی ئەمیر تاپو و ڕەحیم ئەحمەدپوور گرتووە و لە گەل خۆیان بەرەو ساینقەلا بردویانن کە تا ئێستا چارەنووسی هەردوو کەسیان نادیارە.
هەر لە درێژەی ئەم ڕيشبگیریەدا ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ هێزە ئەمنیەتییەکان ڕێژیم لە شاری ساینقەڵڵا پەلاماری گوندی گۆزەوڵاخ ی سەر بە شاری سایینقەڵایان دا و چەند کەسێکیان لە لاوانی ئەم ئاواییە دەستبەسەر کردوە. هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو لە شاری تیکابی ناوچەی هەوشار لاوێکی دیکە بە ناوی بەهمەن خوسرەوی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە کە تا ئێستا لە چارەنووسی هیچ هەواڵێک لەبەر دەست دا نیە. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لەبەرەبەری سی ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملووەوە تا ئێستا هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی هەوشار بەتەواوەتی جموجۆڵی خەڵکیان خستۆتە ژێر چاودێرییەوە و تەنانەت باس لەوە دەکرێ کە ڕێژیم لە چەند ئاواییەکی وەک ئەحمەدئاوا، گویاغاج و قۆجە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی کۆنەپایگاکانی داوە و بە زۆر داوای لە خەڵکی ئەم ئاواییانە کردوە کە دەبێ شەوانە بە نۆرە کێشک بدەن.