حوكمی ئێعدامی زیندانییه‌كی خه‌ڵكی وشتهپهی بۆ زیندانی تاهه‌تایی گۆڕدرا.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی موكریان حوكمی ئێعدامی “یونس ئاقایان” بۆ زیندانی تاهه‌تایی داشكاوه. ئه‌م حوكمه ڕۆژی چوارشه‌ممه به شێوه‌ی نووسراوه له زیندانی ناوه‌ندیی زه‌نجان به ناوبراو ڕاگه‌یه‌ندراوه.
یونس ئاقایان له ڕێگه‌ی ته‌له‌فوونه‌وه به هه‌واڵنێری موكریانی ڕاگه‌یاندووه كه كاربه‌ده‌ستانی زیندان به‌ڵێنییان پێ داوه به‌م زووانه به‌ڕێی زیندانی ورمێی ده‌كه‌ن.
یونس ئاقایان هاورشێ له‌گه‌ڵ عیبادوڵڵا قاسمزاده، سه‌هه‌ند عه‌لی محه‌ممه‌دی و به‌خشعه‌لی محه‌ممه‌دی له شوێنکه‌وتوانی ئه‌هلی حهقو خه‌ڵكی گوندی وشتهپهی میاندواو دوای سووکایه‌تیی هێزی ئینتیزامیی میاندواوو دروستبوونی شه‌ڕ که کوژرانی چه‌ند که‌س له هێزه ئێنتیزامییه‌کانی لێکه‌وته‌وه، له ساڵی ١٣٨٣دا ده‌ستبه‌سه‌ر و له دادگادا حوكمی ئێعدام دوای٥ ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پێندرابوو.
دادگای پێداچوونه‌وه حوكمی ئێعدامی سه‌هه‌ند عه‌لی محه‌ممه‌دی و به‌خشعه‌لی محه‌ممه‌دی بۆ ١٣ ساڵ زیندان و دوورخرانه‌وه بۆ زیندانی یه‌زد كه‌م كرده‌وه، به‌ڵام حوكمی ئێعدامی عیبادوڵڵا قاسمزاده و یونس ئاقایان له لای دادگای پێداچوونه‌وه پشتڕاست كرایه‌وه.
شایانی باسه كه له ساڵی ١٣٨٧ حوكمی ئێعدامی عیبادوڵڵا قاسمزاده جێبه‌جی كرا، ناوبراو خاڵی “ئهبهرناز قه‌نبه‌رپوور” هاوسه‌ری یونس ئاقایان بوو.