ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٢٩)
بەخۆداچوونەوە و ڕێفۆرم
درووستبوونی حیزبی دێموکرات وەک ڕێکخراوێکی مودێرن و خاوەن پلان و بەرنامە، بەرهەمی قەڵەمبازێکی مەعریفی و نوێ بووە لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەکانی پێش خۆی. کەوابوو دەکرێ بڵێین حیزبی دێموکرات لە ئەساس دا زادەی بەخۆداچوونەوەیەکی ئاگاهانەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانە کە بە دەرس وەرگرتن لە شکست و کەوتنەکانی ڕابردوو، ویستویەتی بە کەڵکوەرگرتن لە کەرەسەیەکی دیکە و جیاوازتر لە ئەوانی پێش خۆی ئەم ڕێگایە بچێتە پێش.
هەموو ئەو مەفهووم و پڕنسیپ و تێڕوانینانەی کە لە چوارچێوەی “ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات”دا وەک کۆمەڵێک بەها بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس کران، ئەگەر لە پرۆسەیەکی بەردەوامی “بەخۆداچوونەوە” و لە چوارچێوەی زەروورەتێک دا بە ناوی “رێفۆرم” تازە نەکرێنەوە و کەراژ نەخەن، ناتوانن وڵامدەری ئەم بزووتنەوەیە بن. بۆیە لە حیزبی دێموکراتدا بەخۆداچوونەوە و خۆنوێکردنەوە نەتەنیا وەک زەروورەتێکی مێژووی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕەسمی ناسراوە، بەڵکوو لە ئاستی قەوارەی سازمانیدا بۆ جێبەجێکردنی ئەم تێفکرینە مکانیزم دیاری کراوە.
تێفکرینی حیزبی دێموکرات بۆ بەخۆداچوونەوە و ڕێفۆرم لە سەر ئەساسی “سانترالیزمی دێموکراتیک” و بەشدارییەکی گشتی و دێموکراتیک ڕاوەستاوە و لە بەرزترین ئۆڕگانی سازمانیدا کە “کۆنگرە”ی حیزبە بە کردەوە قەراری لە سەر دەدرێ. شەرتی هەر بەخۆداچوونەوە و رێفۆرمێک، ڕەخساندنی دەرفەت و هەلومەرجی گونجاو و فەزایەکی دێموکراتیکە کە لە حیزبی دێموکراتدا جیا لەوەیکە ئۆرگانیزمێکی زیندووی ڕۆژانەی کاری هەیە، بۆ داهێنان و تەتەڵە کردنی بۆچوونە جیاوازەکانیش، دەفەتێکی گەورەتر بە ناوی کۆنگرە هەیە کە سەکۆیەکی خاوەن سەڵاحییەت و بڕیاردەر بۆ هەر جۆرە بەخۆداچوونەوە، دەسکاری، ڕێفۆرم و گۆڕانکارییەکە.
لە حیزبی دێموکراتدا ئاوڕدانەوە لە ڕابردووی حیزب و دەستنیشانکردنی هەڵەکان و ڕەخنەگرتن لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی رێگەپێدراوە. یەکەم کەس کە لە نووسینەوەی مێژووی حیزبی دێموکرات و نووسینی ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەکانی حیزبدا ڕاشکاوانە و بوێرانە ڕابردووی حیزب ڕەخنە دەکات، شەهید دوکتور قاسملووە. کە باس لە سەردەمی کۆماری کوردستان و قۆناغەکانی دواتر و تەنانەت سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆیشی دەکات، بوێرانە و لە هەمانکاتدا زانستیانە وێڕای شانازیکردن بە سیاسەتە درووستەکانی حیزب و فیداکارییەکان و دەسکەوتەکانەوە، ڕاشکاوانە و زۆر بێپەردە خاڵە لاوازەکان دەستنیشان دەکات و ڕەخنە لە کەموکوڕییەکان دەگرێ. لەم بارەوە دوکتور قاسملوو دەڵێ:
” ڕادەی شۆڕشگێربوونی هەموو حیزبێکی سیاسی لەوەڕا دەردەکەوێ کە چۆن سەیری ڕابردووی خۆی و بەتایبەت هەڵەکانی خۆی دەکات. حیزبی شۆڕشگێڕ نابێ لەوە بترسێ کە گوایا بە باسی هەڵەی ڕابردوو دوژمنی شاد دەبێ، یان لە ئێعتباری حیزبەکە کەم دەبێتەوە. بە پێچەوانە پێلێنان و ڕاستکردنەوەی هەڵەو چەوتییەکانی ڕابردوو، ناوبانگی حیزب لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا دەباتە سەرێ و جیدیبوون و بەرپرسبوونی حیزبەکە نیشان دەدات”.
بەخۆداچوونەوە لە حیزبی دێموکراتدا بە هیچ شێوەیەک بە مانای ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی ڕابردوو و نادیدەگرتنی ڕۆڵ و زەحمەتی کەس یان نەسڵێک نیە، بەڵکوو هەستکردن بە زەروورەتێکی رێکخراوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە بێ ئەوەی لە ڕوانگەی ئەرزشییەوە سەیری ڕابردوو بکرێ، خۆی بەڕانبەر داهاتووی میللەتێک بە وڵامدەر و بەرپرسیار دەزانێ.
ئەگەر سەیرێکی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات بکەین و لە پەسەندکراوە ڕەسمییەکانی ورد بینەوە، بێ ئەوەی هەوڵی دابێ لە ڕابردوودا بچەقێ، لە گوتار، ڕوانین، خوێندنەوە، درووشم و تەنانەت لە رووی تەشکیلاتی و رێکخراوەییشەوە، بەخۆداچوونەوەی جیدی دەبیندرێ. گرینگیی تێفکرینی حیزبی دێموکرات بۆ ڕێفۆرم و نوێگەرایی و بەکردەیی کردنی ئەم زەروورەتە، ئەو کاتە زیاتر هەستی پێ دەکرێت کە دەبینین ئەم حیزبە لە ٧٤ ساڵی تەمەنی خۆی، زیاتر لە حەفتا ساڵی دوور لە ژینگەی واقعی خۆی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە ژیاوە و بەداخەوە وەک پێویست نەیتوانیوە لە پتانسێلە فکرییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستان بەهرە وەربگرێت. ئەو کاتە دەتوانین دەرک بە خۆئابدەیتکردنەوەی ئەم حیزبە بکەین کە ئێستا – دوای ئەو هەمووە دووریە و دوای ئەو هەمووە پیلانگێڕیەی بەرانبەری ئەنجام دراوە – نەتەنیا پێگەی جەماوەریی دانەبەزیوە، بەڵکوو پانتایی پێگە جەماوەرییەکەی هەر لە فراوانبوونەوە و پەرەسەندن دایە. ئەوە بەو مانایە نیە کە پێمان وابێ ئەم حیزبە هیچ کەموکوڕییەکی نیە و پێویست بە بەخۆداچوونەوە و ڕێفۆرم لەخۆداپێکهێنان ناکات، بەڵکوو ڕاست بەومانایە کە دەبێ ڕۆژانە بیر لە بەخۆداچوونەوە و خۆنوێکردنەوە بە پێی زەروورەتە سیاسی، ڕیکخراویی و کۆمەڵایەتییەکان بکاتەوە بۆ ئەوەی وەک تا ئێستا خۆشەویستی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە، لەمەوبەولاش هەر وا بێت.