محەممەد ئیسمایلزادە برای شەهید ئەبووبەکر ئیسمایلزادە، ناسراو بە ساماڵ، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی پووشپەڕ بە هۆی نەخۆشییەوە لە ئاوایی قەباکەندی، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە محەممەد ئیسمایلزادە، برای شەهید ساماڵ ئیسمایلزادە پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی کۆچیدوایی کردوە.
شایانی باسە شەهید ساماڵ کادری تێگەیشتوو و پیشمەرگەی ڕۆژانی سەختی خەبات بەرانبەر بە سپای داگیرکەر، بە داخەوە لە کردەوە تیرۆریستییەکەی دەروازەی کۆیە ، پەیوەست بوو بە کاروانی نەمرانەوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا لە لایەن دەست و پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستان شەهید کران.
لەو جینایەتەدا کە لە نیزیک شارۆچکەی “دوکان” و دەروازەی شاری “کۆیە” ڕووی دا، کۆماری ئیسلامی توانی چەند تێکۆشەری دیاری نێو بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان تێرۆر بکات. کە یەکێک لەوان شەهید ساماڵ ئیسمایلزادە بوو.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد وناوی شەهیدانی دەروازەی کۆیە، بەتایبەتی شەهید ساماڵ ئیسمایلزادە، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێزیان دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.