حەفتاساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا بۆ حیزبێک تەمەنێکی زۆرە، تا لەو ماوەیەدا بتوانێت لە گەڵ خۆی دیاردەگەلی جۆراوجۆر بخوڵقێنێت و بهێنێتە ناو کۆمەڵگا و کۆمەڵگا بەرەو ئامانج و بایەخەکانی خۆی رێنوێنی بکات. حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دامەزراندیەوە تا ئەمرۆ لە سەر بنەمای بەهاو و بایەخەکانی مرۆڤی، ئەمرۆیی و نەتەوەیی بوون، چارەسەری پرسە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکان لە رێگای کۆنسێنسووس و لەیەک گەیشتن، پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان، کۆماری کوردستان، بەفەرمی کردنی زمان و پەروەردەی کوردی، دێموکراسی و پلۆرالیزم، رێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤی دامەزراوە. ئەو حیزبە داهێنەری لێکگرێدانی خەبات لە پێناو دیاری کردنی مافی چارەنووس و خەبات بۆ بەرەوپێش بردنی پرسە کۆمەڵایەتیەکانە. هەر بۆیەش حیزبی دێموکراتی کوردستان/ی ئێران وێرای ئەوەی کە یەکێک لە حیزبەکانی جێی شانازی خەباتی نەتەوایەتی گەلی کوردە، بەرپرسترین حیزبەکانی پانتایی خەباتی رزگاری خوازانەی نەتەوەکەمانە و لە بەرامبەر هەموو هەڵە و کەموکۆریەکاندا دەبێ زۆرترین بەرپرسایەتی هەڵگرێت.
لە مێژووی هەموو کوردستاندا، هیچ حیزبێک نیە کە بەرادەی حیزبی دێموکرات رێبەرانی رێزی پێشەوەی پێشمەرگە ئاسا شەهید بووبن و کەم رێبەری ئەو حیزبە هەبووە کە بە مەرگی ئاسایی کۆچی دوایی کردبێت. ئەم شانازیە وێرای ئەوەی کە ئاستی ئەخڵاقی شۆرشگیری و فیداکاری هەموو ئاستەکانی ئەو حیزبە نیشان دەدات، ئەو حیزبە بەرپرس دەکات لە بەرامبەر هەموو کۆمەڵگای کوردستانی و بنەماڵەی شەهیدان و رێبەرانی شەهید.
سەرەرای ئەو شانازیانە، بەداخەوە حیزبی دێموکرات لە ئاست چارەسەری کێشەکانی ناوخۆیی زۆرتر پەنای بە سەرکوتی سپی بردووە و یان کێشەکانی کپ کردووە یان بەچارسەرنەکراوی بەجێ هێشتووە و گەیاندووتە ئاستی جیابوونەوە و لێکدابرانەکان. لەو رووەوە بیرکردنەوەیەکی ستراتێژیک لە “چارەسەری کێشەکان” و “بەرێوەبەری کێشەکان” ئەرکێکی هەنووکەیی رێبەرایەتی حیزب بە هەموو بەشەکانی خۆیەتی. کاتی ئەوە هاتووە رێبەری حیزب هەرچۆنێک کە شانازی بە سەروەریەکانی رابردوو دەکات، بوێرانە داوای لێبووردن لە هەڵەکانی رابردوو بکات. ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم ئاڵوگۆری قووڵ و چارەنووسسازن. لەوانەیە سبەینێ زۆر درەنگ بێت، بۆیە لە حەفتادەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات دا، هیوادارم رەوتی یەکگرتنەوە و یەکریزی بە شێوەیەکی جیدی و کات بۆدیاری کراو جێبەجێ بکرێت و نەتەوەکەمان بە مزگێنی یەکگرتنەوە بەرەو یادی حەفتا ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان هەنگاو بنێن. با هەروەک لە دووی رێبەندانی ساڵی 1946 وەرچەرخانی مێژوویی روویدا. رێبەرانی ئەمرۆی حیزبی دێموکراتیش وەرچەرخانێکی دیکە لە مێژووی شانازیەکانی حیزبی دێموکرات تۆمار بکەن و نیشان بدەن، ئەوان رێبواری راستەقینەی پێشەوا، قاسملوو و شەرەفکەندی و هەزاران شەهیدی رێگەی ئازادی و سەربەستی کوردستانن.