خەڵکی شارۆچەکەی بوڵواناوی لەیلاخ، لە هەمبەر تێکدانی ژینگە و لە ناوبردنی مێرگ و لەوەڕگەکان بە دەستی کەسانی نەفەسنزم و بەرژەوەندیخواز ناڕەزایەتییان دەبڕی.
بە پێی هەواڵێک کە بە “کوردستان و کورد” گەیشتووە ، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی خەڵکی بوڵواناوا و چەند ئاواییەکی ئەو ناوچەیە لە داوێنی کێوی سورمەلی کۆبوونەوەو ڕێگەیان نەدا کە لەوڕەگەو شوێنی ئاژەڵداری خەڵک بە بیانووی هەبوونی کانزا لە ناو بچێت.
هاونیشتمانییەک لەو بارەوە ڕایگەیاند کە ماوەی دووساڵە بەشێک لە دواێنی کێوی “سورمەلی و چەند دەشت وکانیاوی ئەو ناوچەیە فروشراوە بە چەند بازرگانێکی ئیسفەهانی و ئەوانیش تێکدان و هەڵقەندنی کێوی سورمەلی و دەوروبەریان دەسپێکردوە.
ڕۆژی ڕابردوو ١٩ پووشپەڕ خەڵکی ناڕازی و زڵم لێکراوی بوڵواناوا بەتایبەتی وەرزێڕان و جووتیاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و توانیان بەشێوەی کاتی پێش لەو کارەساتە ژینگەییە بگرن.
هەر بە پێی قسەی ئەو هاووڵاتییە گوایە کڕیارە ئیسفەهانییەکان نفووزیان لە نێو دامودەزگا حکوومەتییەکان هەیە و، یەکێک لەوان دوو برای لە شەڕی کوردستان کوژراوەو هەر بۆیە سکاڵاو شکایەتی خەڵکی ئەو ناوچەیە لە دادگا و ناوەندە پێوەندیدارەکان وەپشتگوێ دەخرێ.
شیاوی باسە ساڵی ڕابردووش کۆمەڵێک لە شاخەوان و ژینگەپارێزانی دێولانی چەندین جار لە هەمبەر تێکدانی سروشتی کێوی سورمەلی و فروشتنی بەرد و گابەردەکانی ئەو کێوە ناڕەزایەتییان دەربڕی.
کێوی سورمەلی لە نیزیک شاری دێولان جیا لەوەی لەوەڕگەکانی بۆ گوندنشینەکان پێویستە، شوێنیکی مێژوویی و گەشتیارییە.