لە ڕێگای سنە بۆ بانە بەهۆی پێکدادانی ئوتوبووسێکو ماشینێکی بارهەڵگر ٨ کەس گیانیان لە دەست داو ١١ کەسیش برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد ئوتوبووسێکی هێڵی بانە تارانو تریلییەک بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ ی گەلاوێژ لە نیزیک گوندی جنیان لە سەقز لە یەکیان داوە. بەپێی ڕای کارناسانی پۆلیسی هاتوچۆ خەواڵووبونی شۆفیر ئوتوبووسەکە هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە بووەو هەموو ئەو ٨ مسافیرەش کە لەو ڕووداوەدا گیانیان لە دەست داوە خەڵکی بانە بوون.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆی هەیە و هەر لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەر نەبێ ١٦٥١ کەس بە هۆی پێکدادانی ماشێنو ڕووداوەکانی دیکەی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.
كارناسان دەڵێن سێ هۆكاری مرۆیی، بارودۆخی خراپی جادەكانو ناستاندارد بوونی ئۆتۆمبیلەكان، هەروەها هەبوونی ٢٠٠٠ خاڵی ڕووداوخوڵقێن لە جادەکانی ئێران لە تەنیشت کەمیی خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستنو بەهاناوەچوونو فەرهەنگی نابەجێی شۆفیری گرینگترین هۆکارەکانی زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێرانن.
بەپێی ئامارەكان، لە ساڵی ١٣٥٧ ەوە تا ئێستا ٨٠٠ هەزار كەس لە ئێران بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوەو؛ ڕووداوی هاتوچۆ نۆهەمین هۆكاری مردن لە جیهان دایە بەڵام لە ئێران پاش نەخۆشییەكانی دڵ، بە دووهەمین هۆكاری مردنی مرۆڤ دادەنرێ.