لە شاری شنۆ کە بە پایتەختی گیلاس لە ئێران ناسراوە ، چوارەمین فستیڤاڵی وەرزی و کەلتووری گیلاس بە شێوەی جوان و ڕازاوە بەڕێوەچوو.
ئەو فستیڤاڵە کە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی پووشپەڕ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری شنۆ بەڕێوەچوو، لە لایەن خەڵکی کورد و گەشتیارانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
لەو فستیڤاڵە کە لە کووچەباخی شنۆ بەڕێوەچوو، جیا لە پێشاندانی بەروبوومی کشت وکاڵی ناوچەی شنۆ کە بەرچاوترینی گیلاسە، کۆمەڵێک بڕگەو بابەتی فەرهەنگی و کەلتووری بەڕێوەچوو کە بریتی بوون لە؛
خوێندنەوەی شیعر و وتاری کوردی و فارسی لە پێوەندی لەگەڵ کەلتوور و فەرهەنگی کوردستان و بەتایبەتی سروشت و ژینگەی شاری شنۆ.
نواندنی چەند تابلۆی جوان لە هەڵپەڕکێ و گۆرانی کوردی، بڕگەیەکی دیکەی ئەو فستیڤاڵە بوو.
لە درێژەی ئەو فستیڤاڵەدا چەند بابەتی زانستی و فەرهەنگیش خوێندرانەوە.
لە تەنیشت ئەو فستیڤاڵە زیاتر لە ١٥ ژووری تایبەت بە هونەری دەسچنی و پێشاندانی بەرهەمە دەستییەکان بۆ ژنانی بەشداربوو کرایەوە.
شیاوی باسە فستیڤاڵە کەلتوورییەکان کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەڕێوەدەچن، لەسەر ناساندنی فەرهەنگ و کەلتووری کوردەواری و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتتیاران و گەشەی ئابووری ناوچەکانی کوردستان کاریگەریی باشی داناوە.