٩ هاونیشتمانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە پارێزگای کرماشان دەسبەسەر کران.
بە پێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان “ماف نیوز”: لەدرێژەی فشارەکانی ڕێژیم بۆسەر خەڵکی کوردستان و گرتنی هاووڵاتییان، ٩ کەسی دیکەش لە شارەکانی سەلاسی باوەجانی و سەرپێلیزەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
ئیمان ڕۆستەمی، عەلی ڕۆستەمی، پژمان ئومیدی، شاهین ئاغاوەیسی، فەرشاد میری، وەحید مێهروەرز، نازدار جەمشیدی، فەرامەرز ڕۆستەمی و سالار ڕەمەزانی، ئەو کەسانەن کە بە شێوەی جیاجیا لە شارەکانی سەلاسی باوەجانی و سەرپێڵی زەهاو دەسبەر کراون.
شایانی باسە ”سالار ڕۆستەمی” کارمەندی وەزارەتی پەروەردەو فێرکردنە ولە نێو دەسبەسەرکراوان دایە، ئەوە لە حالێکدایە کە سەرەڕای چوونی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان بۆ ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانی ڕێژیم، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکرانیان، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراوان لەبەر دەستدا نییە.