بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ڕیبەری، کادرو پێشمەرگەو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و ئەندامانو لایەنگرانی حیزب و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین.
بەڕێزان!
هەروەک دەزانن یەکێک لە گرینگترین رووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی سیاسی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو. کە وەک حیزبێکی خاوەن بەرنامەو پڕۆگڕامێکی رێکو پێکی سیاسیو دێموکڕاتیک هاتە مەیدانی خەباتی حەقخوازانەی گەلی کوردو رووناکی خستە دڵی هەموو گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا و بەو شێوەیە قۆناغێکی نوێ لە خەبات بۆ دێموکڕاسی و رزگاری گەلەکەمان دەستی پێکرد.
ئاشکرایە کە رەوتی ئازادیخوازی لە ئاستی جیهان دا، لە پەرەسەندن دایەو سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەموو شوێنێکی ئەو جیهانە دا هەوڵ دەدەن زۆربەی هیزەکانیان بۆ هاوسەنگیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا و دەستەبەربوونی پتری مافەکانیان و کاریگەریان سەبارەت بە وەگەڕخستنی هێزی تاک و کۆ، لەنێو دەستەڵاتێکی یاسا تەوەر و تا رادەیەک دێمۆکڕاتیک دا، بەکار بێنن. لە هەمان کات دا وەزعی ئاڵۆزی زۆر ناوچەی جیهان لە قەیرانی قوڵی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری دایە کە ژیانی خەڵکەکەی خستۆتە مەترسییەوە. بۆیە هەر حیزب و رێکخراوێکی سیاسی ئەگەر بیانهەوێ رۆڵی بەرچاویان لە کۆمەڵگادا هەبێ، دەبێ هەوڵ بدەن چێنو توێژەکانی کۆمەڵگا لە دەوری بەرنامەو ئامانجەکانیان کۆ بکەنەوەو لە هێزو تواناکانیان کەڵک وەربگرن، بە تایبەتی ژنان و لاوان کە رۆڵی سەرەکی لە بزاڤی ئازادیخوازی و مافی نەتەوایەتی و یەکسانی دا دەگێڕن. هەموومان باش دەزانین کە بە بێ بەشداری چالاکانەی ژنان و لاوان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا پێشکەوتن بە دەست نایەت و پێویستە بایەخێکی تایبەت بدرێت بەو دوو توێژە.
هاونیشتمانانی بەڕێز!
ئێمە لە کاتێکدا یادی ٧٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێمـوکڕاتی کوردستان دەکەینەوە کە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و کوردستان بە هەموو پارچەکانیەوە بەتایبەتی، بە قۆناغێکی هەستیار دا تێدەپەڕێت.
لە کوردستانی رۆژهەڵات گەلی کورد خاوەنی خەباتێکی درێژو پڕ لە قوربانی دانەو ئەو خەباتە ئێستاش بە شێوەی جۆراجۆر درێژەی هەیە. جێی سەرنجە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە هاوکاری و پشتیوانی خەباتی کورد لە بەشەکانی دیکە، بە پێی توانا کەمتەرخەم نەبوە. ئەو نەریتە دەتوانێ بەهێزترین خاڵی پۆزەتیڤی سەرکەوتنی خەبات لە دژی ژێر دەستی دا، هاوبەش بێت. چونکە هەموومان دەزانین کە رەمزی سەرکەوتنی خەباتی گەلی کورد لە گرەوی یەکریزیو یەکگرتوویی خەڵکیی کوردو هاوخەباتی هێزە سیاسییەکانی کورد دایە.
بۆیە، ئێمە وەک رێکخراوەکانی ژنان و لاوانی دێموکڕات، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد دەکەین کە هەوڵی زیاتر بۆ لێک نزیک بوونەوە بدەنو بەستێنی گونجاو بۆ هاوخەباتیو کاری هاوبەش پێک بێنن. هەر وەها راستیەکی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە کە یەکگرتوویی دێموکڕاتەکان دەتوانێ کاریگەری گرینگی لە بووژانەوەی خەباتو گەشانەوەی پرسی نەتەوەیی لە کوردستانی رۆژهەڵات هەبێ. هیوادارین بە هەوڵی بێوچانی هەموو لایەک ئەو هاوکاری و یەکگرتوویو هاوخەباتیە پێک بێت.
لە کۆتایی دا، وەک نەریتی هەموو یادە مەزنەکان، پشتیوانی لە خەبات و بەرخۆدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەک: بەتەمەنترین و مۆدێرنترین حیزبی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، و خۆمان بە هاوهەنگاوی تێکۆشانیان دەزانین.
دووبارە بەرز و پیرۆز بێ ٢٥ی گەلاوێژ ٧٠ـەمین سالوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموكراتی كوردستان.
کۆمیتهی بهڕێوهبهریی
یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان و
یەکیەتی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستانی
٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٤ هەتاوی، ١٦ی ئاگۆست ٢٠١٥ی زایینی