وڵاتی ئیڕان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە خەڵکەکەی، ئاماری کەمترین ڕادەی کتێب خوێندنەوەیان هەیە و بەو حاڵەش بە هۆی گەمارۆە ئابوورییەکانەوە لە مانگی ڕابردوووەو سەتا ٣٧ی نرخی کتێب و چاپەمەنییەکان زیادی کردوە.
دۆخی کۆمەڵگەی ئێران لە درێژەی ئەم چەن ساڵە کە گەمارۆکان و گوشارە ئابوورییەکان لەسەری بووە، زۆر گۆڕانگاریی تێدا درووست بووە و خەڵک بە ناچار، ڕوویان لە کتێب و خوێندنەوە هەڵگەڕاندوەتەوە.
گەمارۆکان هۆکاری سەرەکیی هەرسهێنانی ئابووریی ئێرانن. گرانبوونی نرخی کاغەز وای کردووە کە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و تەنانەت چاپکردنی قورئانیش کەم بۆوەتەوە . دەرچوونی ڕۆژنامە و کتێب تێچوویێکی زۆری دەوێ و بە پێچەوانەوە فرۆشێکی کەمی هەیە.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە پێشتر ساڵانە زیاتر لە ١٦ هەزار بەرگ کتێب دەردەچوو و بازاڕی کڕینی کتێب زۆر گەرمتر بوو. بەڵام لە نوێترین ئامارەکانی ناوەندی ”پەیوەندییە گشتییەکانی ژووری کتێب ”، لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووەوە تاکوو مانگی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاویی، ژمارەی نووسین و چاپکردنی کتێبەکان کەمتر بووەتەوە. ئەو ئامارانە نیشاندەری دابەزینی ئاستی کڕینی کتێب لە بازاڕەکانن و هەروەها دەریدەخەن کە زۆربەی خەڵک بەدوای خوێندنەوەدا نین.
هەر لە درێژەی ئەو ئامارانەدا باس لەوە کراوە کە بەهۆی نەخوێندنەوەی خەڵک، ڕادەی دەرکردنی کتێب، لە ١٦هەزار و ٣٥٠ بەرگەوە بۆ ٢٦٠٠بەرگ دابەزیوە و بووەتە هۆی داخستنی دووکان و بازاڕی کتیب فرۆشییەکان.