کارمەندێکی کورد بە هۆکاری لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە کۆبوونەوەی ئیداری دەرکرا.
کارمەندێکی کوردی ئیدارەی “تەئمینی ئیجتماعی” شاری جوانڕۆ بە هۆی ئەوەی کە بۆ کۆبوونەوە جلوبەرگی کوردی لەبەرکردوە لە سەر کارەکەی دەرکرا.
هاونیشتمانییەکی کورد بە ناوی “:عەبدەلسەتار وەیسی”، کارمەندی ئیدارەی تەئمینی ئیجتماعی شاری جوانڕۆ بە جل وبەرگی کوردییەوە دەچیتە ئیدارەی گشتیی پارێزگای کرماشان و بەو هۆکارەوە وێڕای بێڕێزی کردن بەو کارمەندە کوردە ڕێگەی نادەن بەشداریی لەو کۆبوونەوەیە بکا.
ئەم کارەی کاربەدەستانی ڕژیم ناڕەزایەتی چالاکانی کوردی لێدەکەوێتەوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی بەر بڵاوی هەبووە، کە بەرپرسانی پارێزگای کرماشانی ئەو ئیدارەیە ناچار دەکات داوای لێبوردن لە خەڵکی کورد بکەن.
لەو پێوەندییەدا شەهاب نادری نوێنەری پاوە ، نەوسوود، جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی و ڕوانسەر لە مەجلیس، لە ژێر گوشارەکان پێوەندی بە بەرپرسی گشتیی تەئمینی ئیجتماعییەوە دەگرێ و لە مەجلیسیش لەو بارەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕێ.
هەر بە گوتەی نادری ئەمە یەکەمجار نیە کە لە پارێزگای کرماشان بە تایبەتی لە ئیدارە حکوومەتییەکان بێڕیزی بە جلوبەرگی کوردی دەکرێ.
شایانی باسە کە بێڕێزی کردن بە فەرهەنگ و جل وبەرگ و ناسنامەی گەلانی غەیرەفارس لە ئێراندا بۆتە نەریتی کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
جێیئاماژەیە کە ماوەیێک لەمەوپێش بەرپرسی بەسیجی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە لە گەڵ بێڕێزی بە جل و بەرگی کوردی وتبووی کە نابی خوێندکاران ئەم جڵ وبەرگە لە بەرکەن چوونکوو بە وتەی ناوبراو ئەمە جل وبەرگی حیزبەکوردییەکانی دژبەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە ،بەڵام ئەم کارەی بەرپرسی بەسیچ تووڕەیی خوێندکارانی کوردی لێکەوتەوەو ڕۆژی دواتر بە لەبەرکردنی جلی کوردی لە زانکۆدا بەرپەرچی کۆماری ئیسلامیان دایەوە،
پێویستە بگوترێ کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی گەڵان لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا دراوە بەڵام ئەم شێوە هەڵسوکەوت و ڕەفتارانە نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە بەڵکوو گەڵان زیاتر بەرەو خۆناسین و شوناسی نەتەوەیی هەنگاویان ناوە.