جێگری بەرپرسی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران، لە دوایین لێدوانیدا ئاماری ڕێژەی تەمەنی تووشبوون بە مادەسڕکەرەکانی ئاشکرا کرد.
سەردار ئەیووب سلێمانی جێگری بەرپرسی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە، ڕێژەی تەمەنی تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان لە ئێران، گەیشتۆتە ژێر 16 ساڵ.
هەر لەم پێوەندییە دا، پێشتر بەشی هەواڵی “کوردستان و کورد”، لە ڕیپۆرتاژێکدا، ئاماژەی بەوە کردبوو کە وەدەستهێنانی مادەی سڕکەری “گوڵ” لە ناو ئێران، زۆر ئاسان بۆتەوە و، بە جۆرێک کە، هەموو کەس بە ئاسانی دەتوانی ئەو مادەسڕکەرە، بکڕێ.
هاوکات، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، سەعید مونتەزێرولمەهدی، وتەبێژی ناوەندی بەربەرەکانی لە گەڵ مادەهۆشبەرەکان ڕایگەیاندبوو کە : ئێمە بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەری “گوڵ” و “گراس” پێویستە سەرەتا لە قوتابخانەکانەوە پێش بە ڕەوتی گەشە سەندنی کڕین و فرۆشتنی بگرین.
ئەو ڕاپۆرتە دەرخەری بێ سەرەو بەرەیی لە سیستمی ڕاهێنان و فێرکاریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، کە گەورەترین قەیرانی نەک هەر بۆ خوێندکاران، بەڵکوو بۆ بنەماڵەی خوێندکارانیش سازکردووە، بە جۆرێک کە وتەبێژەی ناوەندی بەربەرەکانی له گەڵ مادەسڕکەرەکان لە ئێران، ئاماژە بە ئەو مەترسییە داوە کە مادەی هۆشبەری، “گوڵ” کە مادەهۆشبەرێکی پڕمەترسییە گەیشتووتە ناو قوتابخانەکان و ئەمەش کارەساتێکی گەورەی کۆمەڵایەتییە.