لە ئێران ساڵانە ٣ هەزار و ٦٧٠ کەس بە هۆی خراپ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە گیان لەدەستدەدەن.
ڕەزا ئوستاد ڕەحیمی، بەرپرسی ئەنجوومەنی هاواهەنگیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای تەورێز لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ساڵانە ٣هەزار و ٦٧٠ کەس بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیانیان لە دەست دەدەن.
ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی ئاماری گیرودەبووان بە ماددەی هۆشبەر لە شوێنی کار، ناوەندە پیشەییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان، گوتی: “لە سەتا ٧٠ی تریاکی جیهان و سەتا ۱۷ی تەواوی هێڕۆئینی جیهان لە وڵاتی ئێران ئاشکرا دەبێ و دەدۆزرێتەوە.
گیرۆدە بوونی خەڵک بە مادە هۆشبەرەکان بۆتە دیاردەیەکی ترسێنەر و ڕۆژبەرۆژ زیاتر پەرەدەسێنێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای کاربەدەستانی خۆیەوە دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و لاوانی وڵاتی تووشی ئەو نەهامەتییە کردووە. ڕیژیم نەک هەر هیچ هەنگاوێک بۆ پێشگیری لە پەرەسەندنی ئەو دیاردە ماڵوێرانکەرە هەڵناناگرێ، بەڵکوو بەهۆی ئەو دۆخەی کە بۆ خەڵکی ئێران بە تایبەت لاوان پێکی هێناوە، بۆتە هۆی ئەوەی کە لاوانی ئێران بۆخۆدەربازکردن لە خەم و نەهامەتی و ڕزگاری لەو ژیانە تاڵە پەنا بۆ مادە هۆشبەرەکان بەرن کە ئەوەش دەبێتە هۆی گیرۆدە بوون و سەرەنجام تێکچوونی شیرازەی ژیانیان و ڕێگایەک بۆ دەربازبوونیان نامێنێتەوە.