هاونیشتمانه به‌ڕێزه‌کان!
خه‌ڵکی خه‌باتگێڕی کوردستان!
ئه‌ندامان، دۆستان‌و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان!
٧٠ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا (٢٥ی گه‌لاوێژی ١٣٢٤) حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ڕۆڵه‌ی هه‌ڵکه‌وتووی نه‌ته‌وه‌ی کورد پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دی نه‌مر دامه‌زرا بۆئه‌وه‌ی به شانازییه‌وه ئاڵای خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان بخاته سه‌ر شانی ڕۆڵهکانیو نه‌وه له دوای نه‌وه به ده‌ستی کۆمه‌ڵێک له فیداکارترین تێکۆشه‌رانی ئه‌م به‌شه له کوردستانی بسپێرێ. له‌وساوه تائێستا ئه‌م حیزبه سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌ندوکۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێگا، به لێوه‌شاوه‌یی ئه‌رکی شۆرشگێڕانه‌ی خۆی به ئه‌نجام گه‌یاندوه‌و نه‌یهێشتوه ئاڵای خه‌باتی ئه‌م گه‌له بکه‌وێته سه‌ر زه‌وی.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ بۆ ڕه‌مزی مانه‌وه‌و به‌رده‌وامیی ئه‌م حیزبه له مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانیی پڕقوربانیی تێکۆشان‌دا بڕوانین پێش هه‌موو شتێك چه‌ند هۆی سه‌ره‌کی خۆیان ده‌نوێنن: یه‌که‌م،ئه‌وه که پێشه‌واو هاوڕێکانی به لێزانی‌و شاره‌زایی ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانیان له به‌رنامه‌ی حیزبی دێموکڕات‌دا گه‌ڵاڵه کردوه، به‌جۆرێک که پاش تێپه‌ڕینی نزیک به سێچارهکه سه‌ده‌ش هێشتا له هێڵه گشتییه‌کاندا ئامانجی هه‌موو چینوتوێژه نیشتمانییه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واریی تێدا به‌دی ده‌کرێ. دووه‌م، ئه‌وه که هه‌ر به‌وهۆیه‌ی سه‌ره‌وه حیزبی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بووه‌و هه‌موو جۆراوجۆرییه‌کانی کۆمه‌ڵ خۆیان‌و ئامانجه‌کانیان له‌م حیزبه‌و به‌رنامه‌ی ئه‌م حیزبه‌دا دیتۆته‌وه‌و هه‌ربۆیه‌ش له هه‌موو بارێکه‌وه له پشتی وه‌ستاون. سێیه‌م، ئه‌وه که له درێژه‌ی ڕێگادا ئه‌م حیزبه له هه‌ڵبژاردنی دروشمه‌کانی خهباتو ده‌ستنیشانکردنی دۆستان‌و دوژمنانی‌دا ورد‌و واقیعبین بووه. سه‌ره‌نجامیش ئه‌وه که تێکۆشه‌رانی دێموکڕات له دژوارییه‌کانی سه‌ر ڕێگای خه‌بات نهپرینگاونهوهو “که‌ندوکۆسپ هه‌نگاوی پێ شل نه‌کردوون”.
حیزبی ئێمه له‌و ڕێبازه دوورودرێژو پڕهه‌ورازو نشێوه‌دا سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی تاقی کردوونه‌وه‌و نوشوستیی تاڵیشی تووش هاتوون: گرنگترین ڕووداوی مێژووی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد (دامه‌زرانی کۆماری کوردستان) له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م حیزبه پێکهاتوه‌و به‌ناوی ئه‌م حیزبه‌وه تۆمار کراوه، له به‌رامبه‌ردا ڕووخانی کۆشکی هیوای کوردی هاتۆته سه‌ر ڕێ‌و سه‌ری سه‌ردارانی به‌سه‌ر سێداره‌وه دیوه. چه‌ندجار که‌وتۆته به‌ر هێرشی به‌ربڵاوی پۆلیس‌و به‌سه‌دان خه‌باتگێڕی ڕیزه‌کانی که‌وتوونه به‌ندیخانه‌و حوکمی زیندانی درێژخایهنو ته‌نانه‌ت ئیعدامیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌و سه‌دانی دیکه‌یان په‌ڕیوه‌ی هه‌ندران بوون‌و ژیانی ئاوارهیییان به‌سه‌ردا سه‌پاوه. به‌و حاڵه له یه‌کێک له ڕه‌شترین ده‌ورانه‌کانی حکوومه‌تی دیکتاتۆری‌دا گۆمێ مه‌ندی “جزیره‌ی ئارام”ی حه‌مه‌ڕه‌زاشای شڵهقاندوهو بانگی “ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ر ماوه قه‌ومی کوردزمان”ی به‌گوێی بێ خه‌به‌راندا داوه. چه‌ندجار تووشی لێک‌دابڕان هاتوه‌و له‌به‌رامبه‌ردا ڕووداوی وه‌ک “وه‌سه‌ریه‌ککه‌وتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی حیزبی دێموکڕات”ی تۆمار کردوه.
به‌کورتی ئه‌م حیزبه سهرکهوتنو تێشکانی زۆری دیون. به‌ڵام نه له‌سه‌رکه‌وتندا له‌خۆ بایی بووه‌و نه له نوشوستیدا چۆکی داداوه‌و تووشی بێهیوایی هاتوه، هه‌ر سهرکهوتنو پێشکه‌وتنێکی کردۆته پرده‌بازی سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌و له هه‌ر تێشکانێک ده‌رسێکی خه‌باتگێڕانه‌ی وه‌رگرتوه.
گه‌لی ئازادیخوازی کورد!
ئه‌و ده‌سکه‌وتانه که حیزبی دێموکراتی کوردستان له ڕێڕه‌وی ٧٠ساڵه‌ی ژیانی خه‌باتگێڕانه‌ی خۆیدا به‌ده‌ستی هێناون، به‌رهه‌می ڕهنجو تێکۆشانی ته‌نیا کۆمهڵێکو گرووپێک نین. هه‌رچه‌ند به‌ڕواڵه‌ت له به‌شی زۆریاندا ڕێبهریو کادرو ئهندامو فه‌رمانده‌رو پێشمه‌رگه فیداکاره‌کان خاوه‌ندارییان لێده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و شانازییانه به ههوڵو هیممه‌تی چینوتوێژو ده‌سته‌و گرووپی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵی کورده‌واری به‌ده‌ست هاتوون. ئه‌و زیندانییانه که به‌شێکی زۆر له باشترین ساڵه‌کانی ته‌مه‌نیان له چاڵه‌ڕه‌شه‌کانی دوو ڕێژیمی پیاوکوژی پادشایهتیو ئاخوندی‌دا به‌سه‌ر بردوه، ئه‌و که‌سوکارانه‌ی شههیدانو زیندانییانی سیاسی که ڕه‌نجی دووری‌و ته‌نانه‌ت له‌ده‌ستدانی ئازیزانیان قبووڵ کردوه، به‌ڵام قه‌ت به‌چۆکدا نههاتوونو ڕێگایان نه‌داوه دوژمنانی ئازادی هه‌ست به سه‌رکه‌وتن بکه‌ن، ئه‌وانه که یه‌ک یان چه‌ند ئه‌ندامی له‌شیان له مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانیی چه‌کدارانه یان له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا له‌ده‌ست داوه، ئه‌وانه که “له‌سه‌ر وه‌ته‌ن بێوهتهن بوون”و ڕه‌نجی دووروڵاتی ده‌چێژن به‌ڵام قه‌ت له یادو غه‌می گهلو نیشتمانه‌که‌یان غافڵ نه‌بوون، ئه‌و ژنه تێکۆشه‌رانه که سه‌رباری به‌شی خۆیان له خه‌بات به‌شێک له ئه‌رکی خه‌باتگێڕانه‌ی پیاوه‌کانیشیان گرتۆته ئه‌ستۆ، ئه‌و مامۆستا ئایینییه نیشتمانپه‌روه‌رانه که له تاڵترین ساڵه‌کانی زه‌بروزه‌نگدا خۆیان ئه‌رکی حیزبی‌یان به‌ڕێوه بردوه‌و حوجره‌و مزگه‌وته‌کانیان کردۆته قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی ڕۆڵه‌ی به‌جه‌رگی مه‌یدانی خهباتو به‌کورتی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له هه‌ر ڕێگایه‌که‌وه کۆمه‌گیان به به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌م کاروانی سه‌روه‌رییه کردوه، هه‌رکامیان خاوه‌نی به‌شێک له شانازییه‌کانی مێژووی حیزبی دێموکڕاتن.
هاوڕێیانی خۆشه‌ویست!
حیزبه‌که‌تان حیزبی دێموکراتی کوردستان خاوه‌نی زۆر شێواز‌و نه‌ریتی خه‌باتگێڕانه بووه‌و هه‌یه که له ڕابردوودا بوونه مایه‌ی ڕێز‌و ئیعتیباری ئه‌م حیزبه‌و درێژه‌دانیان له تێکۆشانی لهمهودواشماندا ده‌توانێ کۆمه‌ک به چوونه‌سه‌ری جێگه‌وپێگه‌ی حیزب‌و سه‌ره‌نجام سه‌رکه‌وتنی ڕێڕه‌وی خه‌باته ڕه‌واکه‌ی بکا:
حیزب هیچوه‌خت شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی له خه‌باتی به تاقه‌ڕێگا دانه‌ناوه‌و ڕێزێکی زۆری بۆ خه‌باتی شارستانی داناوه، تێکۆشانی فکری‌و سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌تی نه‌خشی ڕووناکبیرانی به ئه‌ڵقه‌یه‌کی گرنگی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان زانیوه. حیزب پێی وا بووه چووکترین پاشه‌کشه به ڕێژیمی ده‌سه‌ڵاتدارو به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر داخوازێکی خه‌ڵک بڕینی قۆناغێک له خه‌باته درێژخایهنهکهمانه.
ئه‌م حیزبه هه‌میشه باوه‌ڕی به چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد‌و ته‌نانه‌ت چاره‌سه‌ری هه‌موو گیروگرفته ناوچهییو نێونه‌ته‌وه‌یییه‌کان له‌ڕێگای ئاشتیخوازانه‌وه هه‌بووه. به‌ڵام هه‌رکات له‌لایه‌ن حکوومه‌ته سه‌رکوتکه‌ره‌کانه‌وه خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پابێ قاره‌مانانه به‌رگریی له ماف‌و ئازادییه‌کانی کورد کردوه‌و له‌به‌رامبه‌ر زۆر‌و ملهوڕیدا ته‌سلیم نه بووه.
ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌میشه باوه‌ڕی به مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ گه‌لی کورد هه‌بووه، واقیعبینانه هه‌لومه‌رجی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی هه‌ڵسه‌نگاندوه‌و دروشمی چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا (خودموختاری یان فیدڕالیزم)ی هه‌ڵگرتوه.
زانیویه‌تی که بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف‌و ئازادییه‌کانی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا پێویستیی به هاوخه‌باتی ده‌گه‌ڵ گه‌لانی دیکه‌ی ئێران‌و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانیان هه‌یه‌و له‌و ڕێگایه‌دا هه‌وڵێکی زۆری بۆ لێکنزیكبوونهوهو ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانی ده‌گه‌ڵ حیزب‌و ڕێکخراوه سهرانسهریو ناوچه‌یییه‌کانی ئێران داوه.
ئه‌م حیزبه هه‌میشه باوه‌ڕی به‌وه هه‌بووه که کورد نه‌ته‌وه‌یه‌که‌و له‌نێو چه‌ند وڵات‌دا دابه‌ش کراوه. بۆیه له هه‌موو ده‌رفه‌تێکدا هه‌وڵی هاوکاریو هاوده‌ردی ده‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی داوه‌و به‌تایبه‌تی ده‌گه‌ڵ باشووری کوردستان زۆر لاپه‌ڕه‌ی زێڕینی مێژوویی له‌و بواره‌دا تۆمار کردوون.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له کۆنه‌وه بایه‌خێکی شیاوی به دیپڵۆماسیو هه‌وڵی ناساندنی مه‌سه‌له‌ی کورد به‌دنیاو ڕاکێشانی پشتیوانیی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ لای مه‌سه‌له‌ی کورد داوه‌و له‌و ڕێگایه‌دا سه‌رکه‌وتنی باشیشی به‌ده‌ست هێناوه. له‌بیرمانه که یه‌که‌مین کۆنفڕانسی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد له پاریس به ههوڵو تێکۆشانی ڕێبه‌ری شه‌هید دوکتۆر قاسملوو پێکهاتو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێش به‌سترانی کۆنفڕانسه‌که تێڕۆر کرا، ئه‌و کۆنفڕانسه پێشکه‌ش به یادی وی کرا.
خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان!
ئه‌گه‌رچی له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆدا خۆرهه‌ڵاتی کوردستان‌و به‌گشتی هه‌موو ئێران له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی‌دا کپ‌و بێده‌نگ دیاره. به‌ڵام به‌دڵنیایی ده‌ڵێین ئه‌م وه‌زعه ناتوانێ درێژخایه‌ن بێ. ئه‌و هه‌وره ڕه‌شه‌ی به‌ری ئاسمانی کوردستان‌و ئێرانی گرتوه سه‌ره‌نجام دهڕهوێو خۆری ئازادی له ئاسۆی وڵاته‌که‌مان وه‌ده‌ر ده‌که‌وێ. حیزبی دێموکڕات به‌ڵێن تازه ده‌کاته‌وه که به ئیراده‌یه‌کی پته‌وتره‌وه ڕێگای وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی ئێوه درێژه ده‌دا. بۆیه هیوامان ئه‌وه‌یه وه‌ک هه‌میشه پشتی بگرن، متمانه‌ی پێبکهنو ڕێگای پێشان بده‌ن. ئه‌م قافڵه‌یه به هه‌وڵی هه‌مووان ده‌گاته مهنزڵو گومانیش نیه که نه‌خشی بنه‌ڕه‌تی به ههوڵو هیممه‌تی ئێوه‌یه.
له ٧٠ساڵه‌ی دامه‌زرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا وێرای پیرۆزبایی له هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان‌و دۆستان‌و دڵسۆزانی حیزب، سڵاوی وه‌فاو ئه‌مه‌گداری بۆ گیانی پاکی دامه‌زرێنه‌رو پێشه‌وای حیزب شه‌هید قازی محهممهدو هه‌موو هاوڕێکانی دهنێرینو به‌ڵێن تازه ده‌که‌ینه‌وه که تاسه‌ر به ڕێبازه‌که‌یان وه‌فادار بین.
سڵاو له‌گیانی پاکی هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان‌و بنه‌ماڵه سه‌ربه‌رزه‌کانیان.
سڵاو له زیندانییانی سیاسی قاره‌مانانی بهرهنگاریو بنه‌ماڵه فیداکاره‌کانیان.
سڵاو له هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان قه‌ڵای هه‌ره قایمی دێموکرات.
سه‌رکه‌وێ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یییه‌کانی.
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
٢٥ی گه‌لاوێژی ١٣٩٤ (١٦ی ئووتی ٢٠١٥)