ژینگەی کوردستان هەردەم لە ژێر هەڕەشەی شەڕ و تۆپبارانی سپای پاسدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە و ئاگر کەوتنەوەی دارستان و مووچە و مەزرای خەڵک هەر بەردەوامە.
لە تازەترین هەوڵەکانی دژەژینگەی کۆماری ئیسلامی ، ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی سپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە بە خەستی بەزاییەکانی ناوچەی مەریوانی تۆپباران کرد.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی میلیتاریزەکردنی کوردستانەوە زیانێکی گەورەی بە ژینگەی کوردستان گەیاندوە و بە دامەزراندنی مۆڵگە و بنکەی جۆراوجۆری سەربازی و لێدانی جادە و ڕیگە بۆ سەر شاخ و نێو دارستانەکانی کوردستان، بە تۆپ باران و خومپارە باران، ئاگر تێبەردان و بڕینی لێڕەوارەکان بۆتە هۆی تێکدانی سروشتی کوردستان.
کوردستان وڵاتێکی شاخاوی و سروشتێکی دەوڵەمەند و جوان و ڕازاوەی هەیە و ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک بە تایبەتی لە شەڕی ئێران و عیراقدا زیانێکی گەورەی بە ژینگە و سروشتی کوردستان گەیاند. لەزۆر ناوچەی کوردستان بۆ ئامانجە سەربازییەکانی ئاگر بەردەدەنە لێڕەوارەکان و لەمدواییانەشدا مافیای سپای پاسداران کە بە مافیای دار ناسراوە، بەشێک لە لێڕەوارەکانی زاگرۆسی بە تاڵان برد. مافیای دار نەک هەر دارستانەکانی زاگرۆسی فرۆشت و بە تاڵانی برد، بەڵکوو ئێستا بۆ چاندنی تریاک دارەکان بە گازاویل وشک دەکەن و دواتر دەیانبڕن و لەنێویان دەبەن.
ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر دژی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵکوو دژی ژینگە و ژینگە پارێزانی کوردستانیشە و هەر ڕۆژە بە بیانوویەک ڕاپێچی دادگا و بەندیخانەکانیان دەکا.
پاراستنی ژینگەی کوردستان ئەرکی ژینگە پارێزان و هەموو خەڵکی کوردستانە و پێویستە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی لەنێوچوونی ژینگە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبن و پێویستە بە هەموو شێوەیەک بەگژ ئەو لایەنانەدا بچنەوە کە دەیانهەوێ ژینگە و سروشتی نیشتمانەکەمان تێکبدەن و بیسووتێنن و بیشێوێنن.