عه‌لی ناجی، توێژه‌ری عه‌ره‌بی دانیشتووی پاریس وتووێژێکی له‌گه‌ڵ د. ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده، وته‌بێژی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێک هێناوە و لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد و گۆڕانکارییەکانی ئێران و ناوچە چەند بابەت و سەرنجێکی لەگەڵ بەڕێزیان هێناوەتە بەرباس.
“کوردستان و کورد” چەند بەشێک لەو وتووێژە درێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە. دەقی وتووێژەکە بەمزووانە لە “کوردستان و کورد”دا بڵاو دەکرێتەوە.
ئایا ئێوه خوازیاری ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی بۆ رووخاندنی رێژیمی ئێرانن یان پێتان وایه ئه‌مه ده‌بێ له ئه‌نجامی شۆڕشێك له نێوخۆی وڵات ڕووبدا؟
ئێمه هیچ ده‌وڵه‌تێک بۆ ده‌ستێوه‌ردانی نیزامی له ئێران ده‌عوه‌ت ناکه‌ین. ئه‌وه ئه‌رکی ئێمه و گه‌لانی دیکه‌ی ئێرانه که کۆتایی به دیکتاتۆڕی له ئێران‌دا بێنین و بۆخۆمان بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌ی خۆمان بده‌ین. هه‌رله‌وکاته‌دا ئێمه له مه‌وقعیه‌تێکدا نین که پێش به هێرشی ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی بگرین. له بنه‌ڕه‌ت ڕا ئه‌رکی ئێمه نییه که ڕێژیمی ئێران له مه‌ترسیی له‌نێوچوون ڕزگار بکه‌ین. ئاشکرایه پێمان باشتره گۆڕان له ئێران‌دا له ڕێگای ئاشتییانه و له‌سه‌ر ده‌ستی خودی خه‌ڵكه‌که‌ی ڕوو بدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و رێژیم له ئه‌نجامی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کیدا بڕووخێ، ئێمه بۆ ئه‌و رێژیمه فرمێسک هه‌ڵناوه‌رێنین. ئه‌و ڕێژیمه چل ساڵه له‌گه‌ڵ گه‌لی ئێمه له شه‌ڕدایه.
ئایا ئێوه به‌دوای ئه‌وه‌دان که له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌مریکا و بریتانیا و فه‌ڕانسه یان ده‌وڵه‌تانی ناوچه پێوه‌ندیی ستراتژیتان هه‌بێ؟
خه‌باتی ئێمه خه‌باتێکی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن پره‌نسیپه. بزوتنه‌وه‌ی کورد کرێگرته‌ی هیچ ده‌وڵه‌تێک نییه و پێش هه‌موو شتێک پشت به خه‌ڵکی خۆمان ده‌به‌ستین. به‌و حاڵه‌ش، له به‌رامبه‌ر رێژیمێکدا که جگه له تۆقاندن زمانێکی دیکه نازانێ، فاکته‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی زۆر گرینگه. هه‌ربۆیه له‌پێناو راکێشانی سه‌رنج و پشتیوانیی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ خه‌باتی خۆمان و کاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر شێوازی مامه‌ڵه‌ی دنیای ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ رێژیمی ئێران، به هه‌قی خۆمانی ده‌زانن له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌وڵه‌تێک له جیهان یا له ناوچه‌دا پێوه‌ندیمان هه‌بێ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ڕووی ئیدئۆلۆژی یا سیاسییه‌وه به‌ستراوه به که‌س بین.
تا چه‌ند ده‌كرێ حیزبه کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵات له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مریکا و ئێران‌دا براوه بن؟
پێشبینیی سێناریۆکانی ئاینده ئاسان نیه. له‌و باوه‌ڕه‌دام که هێشتا ئه‌وله‌وییه‌تی ده‌سه‌ڵاته ده‌ره‌کییه‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌مریکا مافی مرۆڤ و دێموکڕاسی له ئێران‌دا نیه. ئه‌وان ته‌نیا ده‌یانه‌وێ مه‌یدانی مانۆڕی تێکده‌رانه‌ی ئێران له ناوچه‌دا سنووردار بکه‌ن. ئه‌مه شتێکی باشه به‌ڵام کێشه‌ی ئێمه چاره‌سه‌ر ناکا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، سه‌رباری گرژییه‌کان، هێشتا ئاقارێکی نوێ بۆ دیالۆگ و سازانی نێوان ئێران و رۆژئاوا له کۆتاییدا به دوور نازانرێ. ئێستا ئه‌گه‌ر بێت و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌نێوان ئه‌مریکا و ئێران‌دا روو بدا، هه‌وڵی ئێمه نابێ بۆ ئه‌وه بێ که پێشی پێ بگرین، به‌ڵكوو ده‌بێ له لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی له‌پێناو گۆڕینی واقیعی مه‌یدانی لانیکه‌م له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌ڵك وه‌ربگرین. ره‌نگه ئه‌وه کارێکی ئاسان نه‌بێ به‌ڵام ده‌بێ هه‌موو هێز و توانای خۆمان یه‌ک بخه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌ژێر چنگی زۆرداریی چل ساڵه بێته ده‌ر. ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی حازر نه‌بێ بۆخۆی ئه‌و چنگه هه‌ڵگرێ، بۆ ده‌بێ پێمان ناخۆش بێ که ئه‌مه له ده‌رفه‌تی ململانێیه‌کی نێوده‌وڵه‌تی‌دا وه‌دی بێ؟