گرانی و بێکاری لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا رۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوونە و ئێران و خەڵکی ئێرانی بەرەو دۆخێکی خراپ بردووە و کاربەدەستانی ڕیژیمیش خەمسارد و دەستەوەستان بەهۆی ناکارامەییەوە ناتوانن کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بێنن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی وڵاتی داوەتە دەست چەند ئاخوندێکی نەزان و ناکارامە و بەجێی ئەوەی کە بۆ بەڕوەبەریی وڵات لە خەڵکانی پسپۆر و شارەزا کەلک وەرگرێ، هەموو دەسەڵات و کاروباری وڵاتی داوەتە دەست ئاخوندە گەندەڵکار و کۆنەپەرەستەکان کە هیچ شارەزاییەکیان لە ئابووریی و بەڕێوەبەرییدا نییە.
لەگەڵ ئەوەی کە لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتی ئاخوندەکان، هەمیشە خەڵکی ئێران لەگەڵ نەداری و بێکاری بەرەوڕوو بوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا کێشە و گرفتەکان بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئەو ڕێژیمەوە ڕوو لە زیاد بونن. داخرانی کارگە و کارخانەکان، داڕمانی ئابووریی وڵات، هاتنەخواری نرخی دراو، گرانی و بێکاری و لە بەرابەردا چوونە سەری نرخی کەلوپەل، خواردەمەنی، کرێی خانوو و دووکان و دەیان نەهامەتی تر بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتوە و بێجگە لە گۆڕین و ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دژی گەلییە، هیچ ڕێگایەکی دیکە بۆ دەربازبوون بەدی ناکرێ.
ئاخوندە شەڕخواز و ئاژاوەگێڕەکان بەهۆی سیاسەتی بناژۆخوازانەی خۆیان لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا، چل ساڵ وڵاتی ئێرانیان بەرەو دواوە گەڕاندۆتەوە و بوونەتە بەربەستی پێشکەوتن و گەشەسەندنی وڵات. ئاخوندەکان بۆ پەلهاویشتنی فیکر و بەرنامە شەڕانگێزییەکانی خۆیان سەروەت و سامانی وڵاتیان بەفیرۆ داوە و بەجێی ئەوەی لە بیری زگی برسی مناڵانی هەژار و خەڵکی دەسکورت و بێکاری ئێراندا بن، لە فکری وێرانکردنی سووریە، سڕینەوەی ئیسرائیل لە سەر کورەی زەوی، تێرۆری ئازادیخوازان، پێکهێنانی گرووپ و میلیشیای تێرۆریستی، چەکی ئەتۆمی، مووشەکی بالستیک و تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و جیهانن و لە لایەکیترەوە بەشی زۆری سەروەت و سامانی وڵاتیان بە ناوی خۆیان و بنەماڵە و کەس و کاریانەوە کردوە و لە بانکەکانی جیهان دایانناوە.
ڕێژیمی ئاخوندی بەهۆی دروشم و سیاسەتە چەوتەکانی بۆتە هۆی نەهامەتی گەلانی ئێران و گەمارۆکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی دۆخی ژیانی خەڵکیان خراپتر کردووە و بەو هۆیەوە خەڵکێکی زۆر برسی و بێکار و زۆر لە کارگە و کارخانە و کۆمپانیاکانی وڵات داخراون و جارێ ئاسۆیەک بۆ دەربازبوون لەو دوخە لێڵە بەدی ناکرێ.