رۆژی ١١ی ژووئه‌نی ٢٠١٩ ی زایینی (به‌رامبه‌ر به ٢١ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٨ی هه‌تاوی) یازده‌هه‌مین پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به به‌شداریی ئه‌ندامانی ئه‌سڵی و جێگر و راوێژکارانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و چه‌ند که‌س له که‌سایه‌تی و به‌رپرسانی ئۆرگانه‌کانی حیزب به‌ڕێوه چوو.
پلینۆم سه‌ره‌تا به راگرتنی ساتێك بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له یاد و بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی کوردستان ده‌ستی پێ کرد. پاشان ده‌ستووری کاری پلینۆم به په‌سند گه‌یشت.
له به‌شی یه‌که‌می کاره‌کانی پلینۆم‌دا سکرتێری گشتیی حیزب، هاوڕێ مسته‌فا مه‌ولوودی، راپۆرتێکی سیاسیی سه‌باره‌ت به بارودۆخی گشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه و ئێران و دووره‌دیمه‌نی خه‌باتی کورد و حیزبی دێموکڕات پێشکه‌ش کرد که دواتر له‌لایه‌ن به‌شدارانی پلینۆمه‌وه به وردی قسه‌ی له‌سه‌ر کرا و پاش ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی به روانگه و تێبینییه‌كانیان به په‌سند گه‌یشت.
له‌و ڕاپۆرته‌دا، پاش ئاماژه به رووداو و ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی نێوان دوو پلینۆم، به‌تایبه‌تی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵچوونی ئه‌مدواییانه‌ی نێوان وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاریگه‌ریی ئه‌م گرژییانه له‌سه‌ر ئایندهی رێژیم و دۆخی نێوخۆی ئێران و دووره‌دیمه‌نی خه‌باتی کورد و حیزبی دێموکڕات شی کرابوونه‌وه. له‌و باره‌وه وێڕای به به‌رپرسیار زانینی کۆماری ئیسلامی له‌و هه‌ڵچوون و گرژییانه، به وه‌به‌رچاوگرتنی کۆی ئه‌کته‌ره نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی پێوه‌ندیدار به کێشه‌ی ئێران و جیهانی ده‌ره‌وه، هه‌ردوو ئه‌گه‌ری شه‌ڕ و ئاڵۆزیی زیاتر له‌لایه‌ک و هه‌وڵدان بۆ دیالۆگ و سازانێکی سه‌رله‌نوێ له‌لایه‌کی دیکه‌وه، وهکیهک هه‌ڵسه‌نگێندرابوون.
هه‌رله‌وکاته‌دا به‌ڵام ره‌هه‌ندی به‌رجه‌سته‌تر له راپۆرته سیاسییه‌که‌دا بریتی بوو له ئاوڕدانه‌وه له فاکته‌ری خه‌ڵك و پۆتانسیه‌لی گۆڕانخوازانه له‌نێو کۆمه‌ڵگای ئێران به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی سه‌ر به نه‌ته‌وه زوڵملێکراوه‌کانن. لێره‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رنجدان به نیشتنه‌وه‌یه‌كی کاتی و رواڵه‌تییانه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان، توانای هه‌رده‌م روو له‌زیادبوونی خه‌ڵک بۆ دروستکردنی زۆرترین فشار بۆ سه‌ر رێژیم و له‌پێناو کۆتایی هێنان به دیکتاتۆڕی له ئێران‌دا قامکی له‌سه‌ر داندرابوو.
له کۆی ئه‌م باسه، به باوه‌ڕی پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وه که فاکته‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی له جیهانی ئه‌مڕۆدا به‌تایبه‌تی بۆ یه‌كلابوونه‌وه‌ی کێشه و ململانێکانی پێوه‌ندیدار به ئێران و رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست یه‌کجار گرینگه و پێویسته وه‌ک ده‌رفه‌تێک له خه‌بات به‌دژی کۆماری ئیسلامی‌دا که‌ڵكی دروستی لێ وه‌ربگیرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی به‌تایبه‌تی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهه‌ڵات پێویسته زۆرترین سه‌رنجی بده‌نێ و کاری زیاتری له‌سه‌ر بکه‌ن به‌هێزکردنی فاکته‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانخوازانه‌ی خه‌ڵک و ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمه. ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ش له کوردستان پێویسته هه‌رچی یه‌كگرتووانه‌تر بجوڵێته‌وه و چه‌ند گوتاری و چه‌ند ئاقاری وه‌لابنێ. بۆ ئه‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستان پێویسته به‌ستێنی شۆڕشگێڕی و به‌ستێنی جه‌ماوه‌ری لێک گرێ بدا و وێڕای هه‌بوونی قابلییه‌تی خۆگونجاندن بۆ که‌ڵكوه‌رگرتن له ده‌رفه‌تی راسته‌قینه‌ی ئاڵوگۆڕی سیاسی، له‌سه‌ر خه‌باتی شێلگیرانه بۆ پاشه‌کشه به کۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر خواستی نه‌ته‌وه‌یی کورد له رۆژهه‌ڵات و باوه‌ڕ به زه‌رووره‌تی کۆتاییهێنان به دیکتاتۆڕی له ئێران‌دا سوور بێ.
له‌به‌ر رووناکایی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه، کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌فته‌ری سیاسیی راسپارد هه‌تا مێکانیزمێک بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌کی وڵامده‌ری کار و تێکۆشان چ وه‌ک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و چ بۆ خستنه‌ڕوو له چوارچێوه‌ی ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران‌دا دابڕێژێ، به‌رنامه‌یه‌ک که هه‌موو ئه‌گه‌ر و سێناریۆکان له‌به‌رچاو بگرێ و بۆ هه‌موو حاڵه‌ته‌کان کارایی به‌هێزکردنی فاکته‌ری کوردی رۆژهه‌ڵاتی هه‌بێ.
له بڕگه‌ی دووه‌می کاره‌کانی یازده‌هه‌مین پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا کۆمیته‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ی حه‌ڤده‌هه‌می حیزب راپۆرتی دوایین کار و هه‌نگاوه‌کانی له‌پێناو به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رکه‌وتووانه و له کاتی گونجاوی کۆنگره‌دا دایه‌وه به پلینۆم و پاش هێندێک باس و گفتگۆ کۆمیته‌ی ئاماده‌کار و ده‌فته‌ری سیاسیی بۆ جێبه‌جێکردنی باقیی کاره‌کان له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئه‌رکدار کران.
دوایین بڕگه‌ی باس و بڕیاره‌کانی پلینۆم بریتی بوو له ئاوڕدانه‌وه له کار و تێکۆشانی چه‌ند مانگی رابردوو و دیتنی خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانی کارکردی ئۆرگانیزمی حیزب له‌و ماوه‌یه‌دا. له‌و باره‌یه‌شه‌وه پلینۆم رێنوێنی و راسپارده‌ی پێویستی دایه ده‌فته‌ری سیاسی و سه‌ره‌نجام پلینۆم به متمانه به ئایندهی روون بۆ خه‌باتی کورد و حیزبی دێموکڕات کۆتایی به کاره‌کانی خۆی هێنا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
١٢ی ژووئه‌نی ٢٠١٩ (٢٢ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٨)