چیمەن ڕەحمانی کچی هونەرمەند و لێکۆڵەری لێهاتووی کورد، یەدوڵڵا ڕەحمانی بە درێژەدانی ڕێگەی هونەریی باوکی ، ئێستا یەکێک لە ژنانی بەهرەمەند و ناسراوی کوردە.
گەورەبوون لە بنەماڵەیەکی هونەرمەند و فەرهەنگدۆستی خەڵکی سەرپێڵزەهاوی کرماشان ، بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێچکەیە بەر نەدات و زانستیانە و خەمخۆرانە درێژەی پێبدات.
چیمەن ڕەحمانی بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی سەرەڕای ئەو هەموو بەربەستە کە لە سەر ڕێی ژنانی چالاک و هونەرمەندانی کورد هەیە توانیویەتی چەند بەرهەمی ڕازاوە پێشکەش بە مووسیقی کوردی بکا.
شایانی باسە گرینگیدان بە ژنان و کچانی نیشتمان و باسکردن لە گرفتەکانیان و هەروەها بەرزنرخاندنی ئاستی ژنان و کچانی پیشمەرگەو شەڕڤان ناوەڕۆکی دوو بەرهەمی ئەو هونەرمەندە دەروەست و دڵسۆزەیە.
چیمەن رەحمانی لە نوێترین بەهەرمی خۆی لە ژێر ناوی “داوار”، قوربانیانی کارەساتی هەستانی لافاوی لە پارێزگای لۆڕستان بە جوانی لاواندۆتەوەو لە بەرهەمێکی دیکەدا بە ناوی “دڵی زار” بە خوێندنەوەی گۆرانییەک لە خاتوو “فەتانەی وەلیدی” ڕێزی لەو ژنە ڕچەشکێنە لە بواری گۆرانی گوتندا گرتووەو هەروەها ” لە کوردە ژن” قارەمانیەتیی ژنان و کچانی خۆڕاگر و چەک هەڵگری کوردی بەرز نرخاندوە.
ئەو خاتوونە هونەرمەند و چالاکە لە یەکەم بەرهەمی هونەریی خۆیدا لە ژیر ناوی “یەک لە هەزاران” یەکەم هەنگاوی بۆ باس کردن لە گرفت و کێشەی ژنانی کورد لە کۆمەڵگە هەڵهێناوە و لە هەوڵدایە کە لە ڕێگای هونەرەوە خزمەتیان بکات.
شایانی باسە چیمەن ڕەحمانی لە دایکبووی شاری کرماشانە و ئێستاش هەر لەو شارە نیشتەجێیەو ئەندازیاری کشتوکاڵە و لە شاری کرماشان کێڵگەی بەرهەمهێنانی “کارگ”ی هەیە.
جێیوەبیر هێنانەوەیە کە باوکی چیمەن ڕەحمانی ، یدوڵڵا ڕەحمانی گۆرانیبێژ و ڕۆژنامەنووس و توێژەری کورد بوو، کە لە دەیەی ٤٠ی هەتاویدا چەندین گۆرانی لە ستۆدیۆی ڕادیۆی کرماشان تۆمار کردوەو بە خاوەنی گۆرانی “مەرزیە” ناسراوە.
ئەو هونەرمەندە ساڵی ١٣٩٠ لە شاری کرماشان ماڵاوایی لە ژیان کرد.