ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ماکەی تێرۆریزم لە جیهاندا، ئێستا بەجێی دەستەواژەی دژە شۆڕش دەستەواژەی تێرۆریست بۆ هێزە کوردییەکان بەکار دێنێ.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆی پشتیوانی گەورەی تێرۆریزمە و لە جیهاندا بە هۆی تێرۆریست بوونیەوە بۆتە یەکێک لە دەوڵەتە بەدناوەکانی دنیا، دەیهەوێ دەستە چەورەکەی خۆی بە سەری نەیارەکانی بسڕێ و دەستەواژەی تێرۆر بۆ هێزە ئازادیخوازەکانی کورد بەکار بێنێ.
ڕێژیم لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئێستا پەروەردەی تێرۆریستی وەک یەکێک لە پلان و کارە بنچینەییەکانی خۆی داناوە و دەرهەق بە دژبەرانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە هیچ کردەوەیەکی تێرۆریستی خۆی نەبواردوە. سەربازانی گومناوی ئیمامی زەمان ئەو تێرۆریستە دڵڕەشانەن کە سەدان کەسیان لە ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی و گەلانی دیکەی جیهان و ناوچەکە تێرۆر کردووە. تا ئێستا ڕێژیمی ئاخوندیی لە دەیان و سەدان کردەوەی تێرۆریستی تێوەگلاوە و لە هەر شوێنێک کردەوەیەکی تێرۆریستی ڕووبدا پێش هەر کەس و لایەنێک پەنجەی تۆمەت بۆ لای کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ دەکرێ. تێرۆری یەهوودییەکان و تێرۆری دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی و فرووهەرەکان، بەختیار و ڕەجەوی و دەیان تێرۆری دیکە لەو تێرۆرانەن کە لە جیهاندا دەنگیان دایەوە و حوکمی دادگای مێکۆنۆسیش یەکێک لەو حوکمە ئازایانەی ئورووپاییەکان بوو کە شەخسی خامنەیی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، سەرۆک کۆمار، وەزیر و کاربەدەستانی دیکەی لە تێرۆری دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانیدا بە تاوانبار ناسی.
پێکهێنانی دەیان گرووپی تێرۆریستی لە ناوچەکەدا، هاوکاری لەگەڵ ئەلقاعیدە، پشتیوانی لە گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵای لوبنان و سەرەنجام بە تێرۆریست ناسینی گەورەترین هێزی سەربازیی ئێران واتە سپای پاسداران لە لایەن ئەمریکاوە، باشترین بەڵگەن لە سەر تێرۆریست بوونی ڕێژیمی ئاخوندەکان و بە ناوهێنانی هێزە کوردییەکان وەک تێرۆریست، نەک هەر ناتوانێ تێرۆریست بوونی خۆی بشارێتەوە بەڵکوو ناتوانێ ئازادیخوازانی کوردیشی پێ بەدناو بکا.
هێزە ئازادیخوازەکانی کورد هەمیشە دژی تێرۆر بوون و تێرۆریان مەحکووم کردووە. کورد خۆی قوربانی دەستی تێرۆرە و بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانی قەت پەنای بۆ تێرۆر نەبردووە. هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر دەستەواژەی تێرۆریستیان پێوە ناچەسپێ، بەڵکوو وەک هێزی سیاسی و دێموکڕات لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان دەردەکەون و تا ئێستاش هیچ دەوڵەت و لایەنێک بە تێرۆریست ناوی نەبردوون و وەک دێموکرات و مافخواز پێشوازیان لێکراوە. ڕێکخراوی ئینتەرناسیۆنالی سۆسیالیست نموونەی بەرچاوی ئەو لایەنانەن کە بەشیک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تییدا ئەندامن و ئەوەش وڵامێکی توندە بۆ ڕیژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئەو ڕیژیمە ئێستا وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناسراوە.