وەزیری نەوتی ئێران باسی لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند کە ڕێژیم لە دۆخێکی زۆر خراپدایە.
بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لە لە وتووێژیکدا لەگەڵ “خانەی میللەت” ڕایگەیاند کە ئەم دۆخەی ئێستا تێکەوتووین، لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق سەختترە و دەتوانم بڵێم کە لە دژوارترین کاتی ئەو چل ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی داین.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئێستا فرۆشتنی نەوت، دابینکردنی ئەمنییەتی کەشتییەکان، گرفتی پارە و کڕینی زۆر کەلوپەلی پێویست لە گەڵ کێشەی زۆر گەورە بەرەوڕوو بووە.
بیژەن زەنگەنە لەو وتووێژەدا باس لەوە دەکا کە گەڕی دووهەمی گەمارۆکان زۆر لە گەمارۆکانی پێشتر جیاوازن و دەبێ ئەوە بزانین کە لەگەڵ شەڕێکی سەخت رووبەڕووین و هێندێک کەس ئەوە هەست پێناکەن و ئەگەر بە دروستی لەگەڵی بەرەوڕوونەبینەوە، تووشی هەڵسەنگاندنێکی هەڵە دەبین.