بە بۆنەی ساڵڕۆژی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی بە دەستی ڕێژیمی دژەکوردی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد، خەڵکی بەهەستی و هەڵوێستی ئەو شارە وێڕای ڕێزگرتن لە لاوانی پێشەنگی کوردایەتی، ئەو کردەوە جینایەتکارەیان بۆ جارێکی دیکە مەحکووم کرد.
لە بەرەبەری ١٢ی جۆزەردان کە هاوکاتە لەگەڵ کارەساتی ئێعدام کرانی ٥٩ شۆڕەسواری کوردویست و دێموکراتپەروەر لە شاری پێشەوا قازی، لایەنگران و درێژەدەرانی ڕێباز و ئامانجی شەهیدان لە شاری مەهاباد لە چالاکییەکی تەبلیغاتیدا ، یادو ناوی سەرجەم شەهیدانی کوردستان ، بە تایبەتی شەهیدانی سوورخەڵاتی ١٢ی جۆزەردانیان بەرز ڕاگرت و سەرلەنوێ کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد.
بە پێی هەواڵێک کە لەشاری مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتووە شەوی ١١ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی بە بۆنەی یادی ساڵڕۆژی ئیعدامی بە کۆمەڵی لاوان و شۆڕشگێڕانی مەهابادی لەو شارەدا، لە گەڕەکەکانی سارم بەگ، دەوروپشتی زانکۆی ئازاد، مەجبوورئاوا و چەند کۆڵان و گەڕەکی دیکە چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو و بە بڵاو کردنەوەی تراکت و نووسراوەی پێوەندیدار سەلماندیان کە “نامرن ئەوانەی و لە دڵی میللەتا دەژین”
لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد شەوی ڕابردوو لە ڕێگای چالاکیی تەبلیغییەوە بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ڕێباز و ئامانجی شەهیدانی گەل پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان ، سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە سەرجەم لایەنگرانی خۆی لە شاری دێموکراتدۆستی مەهاباد دەکات.