لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سێ کۆبوونەوەی وڵاتانی ئیسلامی وعەڕەبی بە میوانداریی عەڕەبستانی سەعوودی بەردەوامن.
کۆبوونەوەی وڵاتانی عەڕەبی لە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تایبەت بە دەستێوەردان و ئاژاوەگێرییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی عەڕەبستان بەڕێوە چوون و لەمڕۆژانەشدا کۆبوونەوەی وڵاتانی ئیسلامی هەر لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێ کە بێگومان کۆماری ئیسلامی یەکێک لە بابەتەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دەبێ.
وڵاتانی عەڕەبی دوای باس و ڕاوێژێکی زۆر، بۆ جارێکیتر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و داوایانکرد کە هەرچی زووتر ئەو ڕێژیمە کۆتایی بە کردەوە تێکدرەانەکانی لە ناوچەکە بێنێ.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆتە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکە و جیهاندا و کردەوە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە بوونەتە باس و بابەتی کۆبوونەوە ناوچەیی و جیهانییەکان و لە هەموو شوێنیک ناوی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تێرۆر و شەڕ و ئاژاوە دێ و هیچ لایەنێک دانی خێر بەو ڕێژیمە بناژۆخواز و تێرۆریستەدا ناهێنێ.
ڕیژمی کۆماری ئیسلامی بە جێگەی ئەوەی کە ڕەچاوی یاسا نێودەوڵەتی و ئینسانییەکان بکات، هەمیشە هەوڵیداوە لە وڵاتانی جیهان بە کار و کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانە هێژموونی خۆی بە سەر دەوڵەتان دا بسەپێنێ. دەوڵەتانی جیهان خەریکی ئاوەدان کردنەوە و پێکهێنانی ژیانێکی خۆش و کەشێکی ئارام بۆ خەڵکی وڵاتەکەیانن، بەڵام کۆماری ئیسلامی نەک هەر ژیانی خەڵکی ئێرانی تێکداوە، بەڵکوو بۆتە هۆی سازکردنی شەڕی براکوژی و تێکدانی ئاسایشی خەڵکی وڵاتانی دیکەش. ئاوارە بوونی میلیۆنان کەس لە وڵاتی سووریە و کوژرانی سەدان هەزار ئینسانی بێتاوان و بێدیفاع لەو وڵاتە، بەگژ یەکداکردنی خەڵکی یەمەن و لوبنان نموونەی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامین و سەرەڕای ئەوانەش بە سەدان کردەوەی تێرۆریستی دیکەی لە جیهان ئەنجامداوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
دژکردەوەی وڵاتانی عەڕەبی و وڵاتانی دیکەی جیهان ئاکامی سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ئەو سیاسەتە سەقەتە ئێستا بەرۆکی خۆی گرتۆتەوە و ئێرانی تووشی قەیرانی جۆراوجۆر کردووە.