دایكی پێشمەڕگەیەكی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، 9ی جۆزەردان دایە “پیرۆز فاروقی” دایكی هاوڕێی پێشمەرگەمان ئەفسانە ئاقابیگپوور، خەلكی ئاوایی ڕەحیمخان لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکی سەخت لە نەخۆشخانەی ورمێ كۆچی دوایی كرد.
دایە پیرۆز بێجگە لەوەی دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، بۆ خۆیشی وەك ژنە تێكۆشەرێكی كورد هەمیشە خولیای ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەی بوو و؛ بە جەستە لە ماڵێ و دڵی لای پیشمەرگەکان بوو. دایە پیرۆز لە دەورانی سەختی خەباتی چەكداریدا بە بنەماڵەوە پشت و پەنای هێزی پێشمەرگە بوون و دەرگای ماڵەكەیان شەو و ڕۆژ بۆ تێكۆشەرانی دێموکرات ئاواڵە بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە پیرۆز فارووقی، بە تایبەت هاوڕێی پێشمەرگەکان ئەفسانە ئاقابیگپوور دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.