ماوەیەکە بڕینی دار و لە ناو بردنی بێشەڵانی زاگرۆس بۆتە هۆی نیگەرانیی ژینگەپارێزانی کوردستان و ئەم هەوڵە گوماناوییە خەسارێکی زۆر بە ژینگە وسروشتی کوردستان گەیاندوە.
لە تازەترین هەوڵی لە ناوبردنی ژینگەی کوردستان لە لایەن دەستوپێوەندییەکانی رێژیمەوە بەشێکی بەرچاو لە دار و جەنگەڵەکانی سەیرانگەی مارمیشۆی ورمێ بڕاوەتەوەو خەسارێکی گەورەی بە ژینگەی ئەو سەیرانگەیە گەیاندوە.
خەمساردی بەرپرسان و خۆلێبێساحیب کردنی ناوەندە پێوەندیدارەکان ئەو گومانەی زیاد کردوە، کە بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم هەوڵی لە ناو بردنی ژینگەی زاگرۆس و تاڵان کردنی سروەت وسامانی کوردستان دەدەن.
ساڵی ڕابردووش کۆمەڵێک وێنەو گرتە ڤیدیۆ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بڵاو کراوەتەوە کە باس لە کاولکاریی دارستان و لەوبردنی ژینگەی کوردستان دەکا.
بەپێی ڕاپۆڕتی چالاکان و ئەنجوومەنە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان دیاردەی مافیای دارستان لە کوردستان مەترسیدارەو هەربۆیە لە سەرجەم خەڵکی کوردستان داوایان کردووە کە ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە.
بەپێی قسەی قادر ڕەحمانزادە کارناسی ژینگەپارێزی، زیادبوونی دیاردەی بازرگانی کردن بە ژینگەی کوردستان قەیرانێکی ژینگەیی لە ئێستا و لە داهاتوودا دەخوڵقێنێ.
ناوبرا بە ئاماژەدان بە قەیرانی بڕین و لەناو بردنی دارستان و بێشەڵانەکانی کوردستان باس لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم دەکا کە بە هاوکاری کەسانی نەفسنزم و بەرژوەندیخواز خەریکی زیان وخەسار گەیاندن بە ژینگەی کوردستانن.