لە پێنجەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانی زارا محەممەدی ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین و مامۆستای فێرگەی زمانی کوردی لەشاری سنە، بەشێک لە چالاکانی مەدەنی ڕۆژی دووشەممە ٦ی جۆزەردان لە بەردەم دادگوستەری شاری سنە خۆپێشاندانیان بەڕێوەبرد.
دوای ئەوەی کە بە هۆکاری ناڕوون سێ کەس لە ئەندامانی ڕێکخراوی نۆژین لەشاری سنە لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکران، چالاکانی مەدەنی بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، خوازیاری ئەوە بوون کە لە زووترین کات ئەو سێ چالاکە بە ناوەکانی ئیدریس منبەری و ڕێبوار منبەری و زارا محەممەدی ئازاد بکرێن.
ڕۆژی ڕابردوو دوو کەس لەوان ئازاد کران، بەڵام زارا محەممەدی بە هۆکاری ناڕوون لە بەندیخانە ڕاگیراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا چالاکانی مەدەنی وسیاسیی کورد لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات کەمپەینێکیان لە ژێر ناوی” هەموومان زاراین” پێکهێناو لە یەکەم چالاکیدا پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکیان بەمەبەستی پشتیوانی کردن لە زارا محەممەدی لە بەردەم دادگوستەری شاری سنە ڕێکخست.
چالاکانی مەدەنی کە لە شارەکانی سنەو دێولان و بانە و مەریوان لەو خۆپێشاندانەدا بەشدارییان کردبوو، بە هەڵگرتنی تراکت و نووسراوەی پێوەندیدار پشتیوانی خۆیانیان لەو کچە چالاکە دەبڕی کە چەند ساڵە لە فێرگەکانی کلاسی کوردی خەریکی وانەگوتنەوەیە .
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی ڕابردوو ئەنجوومەنی فەرهەنگی نۆژین لە سێیەمین ڕاگەیەندراوی خۆیدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی ئازادبوونی دوو کەس لە ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەو ئەنجوومەنە، هوشداری دابوو کە ئەگەر چارەنووسی زارمحەممەدی ڕوون نەبێتەوە خۆپێشاندان و مانگرتن بەڕێوە دەبەن.
جێیئاماژەیە ئەنجوونی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین لە سەردەستی چالاکانی فەرهەنگی لە شاری سنە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩١ی هەتاوییدا دامەزراوەو، چەند ساڵە بە کردنەوەی فێرگەی کوردی لە شارو گوندەکانی پارێزگای سنە، خزمەتێکی بەرچاوی بە زمان و ئەدەبی کوردی کردوە.
ئەنجوومەنی نۆژین جیا لە شاری سنە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکا.