دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی گەلەکەمان خەڵکی ناوچەی مەنگۆڕایەتیی پیرانشار دوای چەندین ساڵ ژیان لە گەڵ ئازاری بەژانی ڕۆڵە کوژراوی ماڵاوایی ژیان کرد.
بە پێی هەواڵێک کە لە پیرانشارەوە بە دەستمان گەیشتووە دایە فاتیمە عەلیزادە دایکی شەهیدان ئەحمەد و محەممەدی زەینی خەڵکی ئاوایی کەوپەری ناوچەی مەنگۆڕایەتیی پیرانشار ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کردوە.
ئەو بنەماڵە کە دوو ڕۆڵەیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردوە، یەکێک لە بنەماڵە شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرەکانی ناوچەی پیرانشارن و، بە دێموکراتدۆستییەوە ناسراون.
هەروەها دایە فاتیمە بە هۆی هەڵسوکەوتی بوێرانەی وەکوو دایکێکی خۆڕاگر لە ناوچەی مونگۆڕایەتیی پیرانشار نموونەی ژنێکی فیداکار و چاونەترس بوو.
جێیوەبیرهێنانەوەیە محەممەد زەینی پێشمەرگەی هێزی شەهید ئاوارە لە ساڵی ٦١ی هەتاوی لە پێناوی سەرکەوتنی کوردستان گیانی بەخت کردو ، هەروەها سێ ساڵ دواتر ئەحمەد زەینی کادری کۆمیتەی پیرانشار لە ساڵی ٦٤ی هەتاوی پەیوەست بوو بە کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە کەسوکاری شەهیدانی گەل، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی خاتوو فاتیمە دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.