دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا مۆڵەتی بۆ ئەو هەشت وڵاتە تازە نەکردەوە کە پێشتر ڕێگەیان پێدرابوو بۆ ماوەی شەش مانگ نەوتی ئێران بکڕن، دەوڵەتی تورکیەش بەندەرەکانی تورکیەی بەڕووی هاوردەکردنی نەوتی ئێراندا داخست.
ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاویی وادەی کۆتایی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بوو. ئەمریکا پێشتر ڕێگەی بە وڵاتانی چین، هێندستان، ئیتالیا، یونان، ژاپۆن، کورەی باشوور، تایوان و تورکیە دابوو کە تا جێگرەوەی نەوتی ئێران پەیدا دەکەن، دەتوانن بۆ ماوەی ٦ مانگ نەوت لەو وڵاتە بکڕن، بەڵام هەر لە سەرەتادا سێ لەو وڵاتانە لەگەڵ ئەوەی کە ڕێگەیان پێدرابوو نەوتی ئێران هاوردە بکەن، وازیان هێنا و نەوتی ئێرانیان نەکڕی.
نزیکترین و ئاخرین دۆست کە دوای گەمارۆکان کۆماری ئیسلامی هیوای پێی بوو دەوڵەتی تورکیە بوو کە ئەویش بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە وازی هێنا و بەندەرەکانی وڵاتەکەی بە ڕووی نەوتی ئێراندا داخست.