لە ڕاپۆرتێکی هەواڵنێریی ڕۆیتێرزدا کە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی بڵاو کراوەتەوە ، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە بۆ ٥٠٠هەزار بەرمیل دابەزیوە.
لە درێژەی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی و بەستنەوەی ڕێگای فرۆشتنی نەوتی کۆماری ئیسلامی لە بازاڕەکانی جیهان و هەروەها جێگاپڕکردنەوەی نەوتی ئێران لەلایەن وڵاتانی دیکەوە، ڕادەی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە یەک لەسەر پێنج دابەزیوە کە بۆتە هۆی مانەوەی نەوتی کۆماری ئیسلامی و نەفرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
هەر لەو بارەوە ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هەر وڵاتێک بیهەوێت گەمارۆکانی ئەمریکا دەور بداتەوە یان یاساکانی گەمارۆکان پێشێل بکات و لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هاوکاری بکات سزای قورسی بۆ دیاری دەکرێ.
بەهۆی ئەنجامی گشتی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئابووری و بەتایبەت نەوتی کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕێژیمە زۆربەی ڕێگاکانی مامەڵە و فرۆشی نەوتی لێ بەستراوە و هەروەها ڕۆژبەدوای ڕۆژ ئاستی هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆماری ئیسلامی کەمترو کەمتر دەبێتەوە.