دوای مامۆستایانی سەقزی ، بەشێک لە مامۆستایانی شاری مەریوان وێڕای پاڵپشتی کردن لە یاسر ئەمینیئازەر خوازیاری ئازادکرانی ئەو مامۆستایە بوون کە لە ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵەوە دەسبەسەرکراوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بانەمەڕ بەشێک لە مامۆستایانی شاری مەریوان گردبوونەوەیەکیان پێکهێناو لەو ڕێگایەوە ، ناڕەزایەتی خۆیانیان لە ناڕوونی چارەنووسی یاسر ئەمینی ئازەر مامۆستای دیلکراوی مەهابادی دەربڕی.
جێیئاماژەیە یاسرئەمینیئازەر ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕ لە بە دەرکی خوێندنگەیەک لە شاری مەهاباد دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
لەم ماوەیەدا مامۆستایانی کورد بە دروشمی “جێگای مامۆستاکان پۆلی وانە گوتنەوەیە نەک گرتووخانەو بەندیخانەکان”، داوای ئازادکردنی بێمەرجی مامۆستا دەسبەسەرکراوەکان دەکەن.
یاسر ئەمینیئازەر مامۆستای مەهابادی بە تاوانی هاندانی قوتابیان بۆ داخستنی کلاسەکان و هەروەها هەوڵدان بۆ ئەوەی مامۆستایان لە مانگرتنە سەرانسەرییەکاندا بەشداریی بکەن، دەسبەسەرکراوە.
شایانی باسە ڕۆژی شەممە ٢١ی بانەمەڕ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی شاری سەقز لە هەڵمەتێکی هاوشێوەدا خوازیاری ئازادکردنی یاسر ئەمینیئازەر مامۆستای کوردی دەسبەسەکراو بوون.