بەشێک لە میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە شارەکانی کوردستان بانگکراونەتە بنکەی “پۆلیسی فەتا” و بە توندی هەڕەشەیان لێکراوە.
بە پێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی” کوردستان وکورد” گەیشتووە بەشێک لە هەواڵنێرانی کورد کە بەدواداچوونیان بۆ هەواڵی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و کێشە و گرفتە ئابوورییەکان و هەروەها پرسی گرینگی “ئاو” لە کوردستان کردوە و بڵاویان کردوتەوە، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەتایبەتی “پۆلیسی فەتا” هەڕەشەیان لێکراوە.
بە پێی ئەو هەواڵە “پۆلیسی فەتا”بە فەرمی بە هەواڵنیرانی کوردی ڕاگەیاندوە کە بۆیان نییە لەسەر پرسی کۆڵبەری ، گرفتە ئابوورییەکان و مانگرتنەکانی چین و توێژەکان لە کوردستان هەواڵ یان ڕاپۆڕتیان هەبێ و لە ئەگەری بەردەوامبوون لەو کارە کە زانیاریی بە ئۆپۆزسیۆن دەدا، لە سەر کارەکەیان دەردەکرێن و هەروەها بە تاوانی هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و بانگەشە بە دژی نیزام لێپرسینەوەیان لێ دەکرێ و دەبێ لە بەرانبەر دادگای “ئینقلاب”دا وەڵامدەر بن.
جێیئاماژەیە پۆلیسی “فتا” یەکەیەکی پسپۆڕییە کە ئەرکی پێشگرتنە لە تاوانە ئینتڕنێتییەکان بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا لە جیاتی پاراستی ئەمنیەتی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان بۆتە دەزگایەکی سیخوڕی بۆ سەرکوتی ئازادی و بێدەنگ کردنی هەواڵنێرانی چالاک و دەروەست.