برایان هووک نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کە هاوسەفەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە لە ئورووپا، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند کە لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئورووپاییەکان باسیان لە گەڵاڵە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.
هووک ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامی تەنیا بە زمانی گوشار و تەریک کەوتنەوەی دیپڵۆماسی تێدەگا.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ماوەی چل ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران توندوتیژی هەناردەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکا و ئێمەش بەرنامەیەکمان داناوە کە کۆتایی بەو سیاسەت و کردەوانەی ئێران دێنێ.
سەفەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ برایان هووک بۆ ئورووپا لە کاتێکدابوو کە قەرار بوو ڕۆژی سێشەممە سەردانی ڕووسیە بکات و لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ڕووسیە کۆبیتەوە، بەڵام بەهۆی هەستیاری بابەتەکە لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، سەفەرەکەی ڕووسیەی هەڵوەشاندەوە و سەردانی ئورووپای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەندامانی ناتۆ دیداریان کرد.