کەمپەینێک بە دژی کوشتنی کچان و ژنانی کورد بە بیانووی ” نامووسپەرەستی” لە ژێر ناوی “نا بۆ کوشتنی ژنان و قەتڵی نامووسی” پێکهاتووە.
بەشێک لە چالاکی مەدەنی و سیاسیی کورد لە نێوخۆی وڵات ودەرەوەی وڵات بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە هەوڵدان بە وشیاری بەخشین بە کۆمەڵگە ، ئاستی کارەساتی ژنکوشتن لە کۆمەڵگای کوردەواری کەم بکەنەوە.
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی دڕندانەی دوو خوشک بە دەستی باوک و برایەک لە شاری سنە ژنانی چالاک و خەمخۆر بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە توڕەکۆمەڵایەتییەکان لە هەمبەر ئەو کارەساتە هەڵوێستیان گرت و خوازیاری ئەوەن کە پرسی کچان و ژنانی کورد لە کوردستانی ئێران، مادام لە ڕووی یاساییەوە مافەکانیان پێشێلکراوە ، بەڵام گرینگیدان بەو بابەتە ببێتە ئەرکی کۆمەلگای مەدەنی وسیاسیی کوردستان.
ڕێکخەرانی کەمپەینی نابۆ قەتڵگەل نامووسی لە کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و ڕاپۆرتی پێوەندیدار دەیهانهەوێ هاندەرێک بن بۆ بنەماڵە و کۆمەڵگا کە پارێزەری ژنان و کچان بن و پێش لە کارەساتی کوشتنی ژنان بگیردرێ.
جێیئاماژەیە دیاردەی کوشتنی کچان و ژنان لە ژێر ناوی “قەتڵگەل نامووسی” بە دەستی” باوک و برا و ھاوسەر” وەکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە زیادبوون دایە و بێدەنگی کۆمەڵگا دەستی ژنکوژانی ئاوەڵاتر کردوە.