دیاردەی کوشتنی کچان و ژنان لە ژێر ناوی “قەتڵگەل نامووسی” بە دەستی” باوک و برا و مێرد” وەکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە زیادبوون دایە و بێدەنگی کۆمەڵگە دەستی ژنکوژانی ئاوەڵەتر کردوە.
بە پشتبەستن بە ئەو هەواڵ و ڕاپۆڕتانەی کە لەو بارەوە بڵاوبووەتەوە، لە ماوەی کەمتر لە ٥ مانگ زیاتر لە ١٢ ژن و کچ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەدەستی کەسانی نیزیک کوژراون.
لە تازەترین کارەساتی ژن کوشتن بە پێی قسەی هاونیشتمانییەک لە شارۆچکەی نایسەری سنە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بانەمەڕ باوک و کوڕێک بە چەقۆ دوو خوشک بە ناوی ” شایستە و ئەسرا” یان ئەنجن ئەنجن کردوە و وەکوو جینایەتێک کاریگەرییەکی خراپی بەسەر خەڵکی ئەو شارۆچکە داناوە.
ئەم ژن کوشتنانەش بێگۆمان بە هۆکاری خێزانی و کۆمەڵایەتی بووە .
هەروەها ڕۆژی ٨ی بانەمەڕ لە شاری قوروە ژنێک تەمەن ٥٤ ساڵ بە دەستی مێردەکەی کوژراوە.
لە لایەک دیکەش خۆکوشتنی کچان و ژنان لە ناوچەکانی کوردستان باس لەوە دەکا کە ئەگەر بەشێک لە ژنان بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکەنیان و بە بیانووی “نامووس” دەکوژرێن، ئەو بەشەی لە کچان و ژنانیش کە خۆیان دەکوژن، قوربانی دەستی کۆمەڵگەو خەمساردی ناوەندە پێوەندیدارەکانن.
کێشەی کۆمەڵایەتی ، بێکاری، بێهیوایی بە داهاتوو، باری خراپی ئابووری ئەگەر هۆکاری هاوبەشی زۆربەی پەنابردن بۆ خۆکوشتنەکان بێت لە کوردستان، کێشەی خێزانی و بنەماڵەیی هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوونی ئاماری خۆکوشتنی ژنان ، کە تەنیا لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ زیاتر لە ١٤ حالەتی خۆکوشتن لە نێو ژنان و کچانی کوردستان ڕووی داوە.
ڕۆژی شەممە ١٤ی بانەمەڕی ژنێک خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی شادی رەشیدی تەمەن ٢٧ ساڵ بە هۆی کێشەی خێزانییەوە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
دێوەزمەی خۆکوشتن لە سەردەشتەوە دەگاتە شاری سنەو ڕۆژی هەێنی ١٣ی بانەمەڕ ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵ لە گەڕەکی حەسەنئاوا بەناوی ئەسرین زەمانی بە هۆی گرفتی کۆمەڵایەتییەوە تاقە منداڵەکەی بێناز دەکا و، خۆی هەڵدەواسێ.
لە درێژەی خۆکوشتن و پەنا بۆ خۆکوژی بردنی کچان و ژنانی کورد،
لە شاری سایین قەڵای ناوچەی هاوشار ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ ئەویش هەر لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوەو لە خوارەوەی کوردستان واتە ناوچەی سونقۆڕ و کولیایی ژنێکی دیکەش ڕۆژی دووشەممە ١٦ بانەمەڕ کۆتایی بە ژیانی پڕ لە ژانی خۆی هێناوە.
هەروەها ٩ی بانەمەڕ ژنێکی تەمەن سەرەوەی ٥٠ ساڵ لە ناوچەی تەرگەوەری ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوەو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەر لە سەرەتای یەکەم حەوتەی مانگی بانەمەڕی ٩٨ هەتاویی لە شارەکانی سەردەشت و مەهاباد سێ ژنی دیکەش پەنایان بۆ خۆکوشتن بردوە.
بە پێی زانیارییەکانی “چاونیوز” لە مانگی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاوی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان زیاتر لە 25 کەس خۆیان کوشتوە .
جێی باسە ساڵی ڕابردووش 170 کەس لهو سهدان کهسهی بههۆی جۆراوجۆی وهک ههژاری، بێهیوایی و کێشهی خێزانییەوە ههوڵی خۆکوژییان دابوو، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو ببوو، و کۆتاییان به ژیانیان هێنابوو. لەو 170 کەسە 62 کەسیان پیاو و 108 کەسیان ژن بوون و کهم تهمهنترینیان کوڕێکی 12 ساڵ و بهتهمهنترینیان پیاوێکی تهمهن 63 ساڵ بووه.
شایانی باسە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بۆ کوردستان وەکوو “چاونیوز” و ماف نیوز” و “هەنگاو” سەرەڕای بەربەستەکان هەوڵیان داوە شوناسی ژنان و کچانی قوربانی بڵاو بکەنەوە و لەوبارەوە سەرچاوەی باوەڕ پێکراون.