ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، کەسایەتیەتیی نیشتمانپەروەری کورد، کاک ڕەشید برنجی لە شاری نەغەدە کۆچیدوایی کرد.
کاک ڕەشید برنجی کە لە تەمەنی لاوەتییەوە و هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە پێوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەبوو، تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری کورد و وەفادار بە رێبازی حیزبی دێموکرات، لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا جێی ڕێز و حورمەتی تایبەتی بوو.
کاک ڕەشید دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویش بە هۆی پێوەندی و هاوکارییکردنی حیزب و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە چەند جارێک لە لایەن دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ریژیمەوە ڕاپێچی بەندیخانە کرا.
کاک ڕەشید برنجی وەک کەسایەتییەکی خاوەن پیگەی تایبەتی لە ناوچەکانی شنۆ، پیرانشا، نەغەدە و مەهاباد، بەردەوام خەڵک و بەتایبەت لاوانی بۆ گرتنەپیشی رێگا و رێبازی درووستی نیشتمانپەرەوەری هان دەدا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک ڕەشید برنجییەوە سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری خوالێخۆشبوو و سەرجەم خەڵکی ناوچەکە دەکات. ڕۆحی شاد.