ئەندامانی کوردی شوڕای شاری ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر هەڵاواردنی سیستەماتیک و خەمساردی شارەداری ئەو شارە بە نیسبەت خەڵکی کورد ، کۆبوونەوەی شوڕای شاریان بەجێهێشت.
ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی بانەمەڕی٩٨ی هەتاوی ئەندامانی کوردی شوڕای شاری ورمێ پاش خوێندنەوەی بەیاننامەیەک و ڕەخنەگرتن لە پەراوێزخرانیان کۆبوونەوەی شوڕای شاریان بەجێهێشت و ئەو کۆبوونەوەیە هەڵوەشایەوە.
بەپێی قسەکانی کەسێکی ئاگادار لەو بارەوە، ناکۆکی نێوان ئەندامانی کوردی ئەو شواڕیە لە گەڵ شارەداری شاری ورمێ، کە بە ئەنقەست لە پێناو کەموکۆڕییەکانی خەڵکی کوردی ئەوشارە خەمساردەو هەوڵی دووبەرەکی دەدا، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین کۆبوونەوەی حەوتووانەی شوڕای شاریان بەجێهێشت و خوازیاری گۆڕینی شارەداری شاری “ورمێ”ن.
ئەندامانی شوڕای شاری ورمێ دەڵێن؛ شارەدار و بەشێک لە بەرپرسانی دیکەی شاری ورمێ، لە سەرجەم فستیڤاڵەکان، وەکوو فستیڤاڵی گوڵ، فستیڤاڵی ترێ و هەمایشە فەرهەنگییەکانی دیکە ، ورمێ بە شاری تورکنشین لە قەڵەم دەدەن ، ئەمەش سڕینەوەی ناسنامەی شاری “ورمێ”یە کە پێکهاتووە لە فرەیی ئایین و نەتەوەکان نەک تەنیا تورکزمان!
شایانی باسە عادڵ فەتاحی ، عەبدولڕەحمان نەقشین، محەممەد خالید حاتەمی و مەسعوود پاکی، چوار ئەندامی کوردی نێو شوڕای شاری “وڕمێ”ن، کە لە ئەگەری بەشداریی نەکردنیان لە کۆبوونەوەی شوڕای شاری ورمێ، ئەو شوڕایە هەڵدەوەشێتەوە و ڕەسمییەتی خۆی لە دەست دەدا.