(پوختەیەک لە قسەکانی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب لە ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی خوێندکاری کورددا)
خوێندکارانی خۆشه‌ویست، هاوڕێیانی به‌ڕێز!
پیرۆزبایی ڕۆژی خوێندکاری کوردتان لێ ده‌که‌م و ده‌سخۆشی به به‌ڕێوه‌به‌ریی یه‌كیەتیی نه‌ته‌وه‌یی خوێندکارانی کورد ده‌ڵێم بۆ هه‌موو ئه‌و کار و چالاکییه‌ی له چه‌ند ساڵی رابردوودا له په‌نا ئه‌رکی حیزبی و خه‌باتگێڕییان، له به‌ستێنی خوێندکاری‌دا کردوویانە.
هه‌رچه‌ند جێی داخه که گه‌له‌كه‌مان له دیاریکردنی ڕۆژه‌کان و داهێنانی هێماکانیشدا په‌رشوبڵاو و دابه‌شه، به‌ڵام دیاریکردنی ڕۆژی شه‌هیدبوونی سمایلی شه‌ریفزاده وه‌ک ڕۆژی خوێندکاری کورد ته‌واو لەجێی خۆی دایه. میلله‌تان کاتێک ڕۆژێک وه‌ك ڕۆژی خوێندکار دیاری ده‌که‌ن عاده‌ته‌ن ڕووداوێک هه‌ڵده‌بژێرن که مانا و مه‌فهوومه‌که‌ی ئه‌ولاتر له به‌ستێنی خوێندکارییه. له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ١٧ی نۆڤامبر وه‌ک ڕۆژی خوێندکاران دیاری کراوه که ئه‌و ڕۆژه‌یه خوێندکارانی پراگ به ئیعتراز له داگیرکاریی ئاڵمانی نازی خۆپێشاندانیان کرد و ژماره‌یه‌کیان لێ شه‌هید بوو. له ئێران ده‌زانین که ئه‌و ڕۆژه ١٦ی سه‌رماوه‌زه که ئه‌ویش ڕۆژی گیان له‌ده‌ستدانی چه‌ند خوێندکاری زانکۆی تارانه که به‌دژی هاتنی ڕیچارد نیکسۆن له‌پاش کوودێتای ٢٨ی گه‌لاوێژ خۆپێشاندانیان کردبوو. ڕۆژی خوێندکاری ئێمه‌ش له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان یا لانیکه‌م له بنه‌ماڵه‌ی دێموکڕات‌دا ڕۆژی شه‌هید بوونی سمایلی شه‌ریفزاده‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سمایلی شه‌ریفزاده هه‌ر ته‌نیا خوێنده‌وار و ڕووناکبیر نه‌بوو، به‌ڵكوو تێكۆشهرێکی به‌ئیمان و به‌كرده‌وه‌ی ڕێگای ڕزگاریی میلله‌ته‌که‌شی بوو و له تاقیکاریی هه‌ردوو به‌ستێنی ئه‌ساسیی خه‌باتدا سه‌ربڵندانه ده‌ربازی نه‌مری ببوو. ئه‌و کوڕی میلله‌تی خۆی بوو، به‌ڵام به بازنه فراوانه‌کانی خه‌بات و سیاسه‌تیش له کوردستان، له ئێران و له ناوچه‌دا ئاگادار بوو و ده‌یزانی له جیهاندا چ ده‌گوزه‌رێ.
هه‌روه‌ک چۆن سمایلی شه‌ریفزاده دوو ژیانی یه‌ك له‌دوای یه‌کی هه‌بوو واته له‌پێشدا ژیانی خوێندکاری و ڕووناک‌بیری و پاشان ژیانی خه‌باتگێڕی و پێشمه‌رگانه، یاد و سه‌مبولی شه‌ریفزاده له بیره‌وه‌ریی به‌کۆمه‌ڵی ئێمه‌شدا دوو قۆناغ ژیاوه. قۆناغی یه‌که‌م که بهردرێژتره بریتییه له ئه‌زموونی سمایلی شه‌ریفزاده وه‌ك تێکۆشه‌رێکی دیاری بزوتنه‌وه‌ی ٤٧-٤٦. وه‌ك ده‌زانین خوێندنه‌وه‌ی جۆربه‌جۆر له‌باره‌ی ئه‌نگیزه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه کراوه و پرسیار دروست کراوه که داخوا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه چه‌نده له‌ژێر جه‌بری واقیعێکی سه‌ختدا و چه‌نده به ئیراده‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌وه وه‌ڕێ خراوه. به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی له ناخودئاگای ئێمه‌دا جێی گرتوه شکستی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌یه. زێهنیه‌تێکی خراپ که له‌نێو ئێمه‌دا هه‌یه ئه‌وه‌یه که زۆر جار دروستی و به‌جێبوونی حهرهكهتێک به سه‌رکه‌وتنی حه‌ره‌که‌ته‌که ده‌به‌ستینه‌وه. سه‌رکه‌وتنیش ته‌نیا له باڵاده‌ستیی مه‌یدانی و ئازادکردنی خاک و گه‌ڕانه‌وه و مانه‌وه‌مان له‌نێو خه‌ڵکدا ده‌بینین به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته زێهنی و گوتاری و هێماییه‌کانی حه‌ره‌که‌ته‌کان له مه‌سیری تاریخیدا له‌به‌ر چاو بگرین. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ به ڕبه‌ی سه‌رکه‌وتن حوکمی هه‌قانییه‌ت بۆ بزوتنه‌وه‌ی ٤٧-٤٦ و گیانبازیی سمایلی شه‌ریفزاده و هاوڕێیانی سادر بکه‌ین، ئه‌وده‌می کۆی خه‌بات و خۆڕاگریی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌چێته ژێر پرسیار، چونکه هه‌تا ئێستا به‌داخه‌وه کاروانی ئه‌و خه‌باته به مه‌قسه‌دی ئامانجه‌کانی خۆی نه‌گه‌یشتوه. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌و حه‌ره‌که‌ته به‌رهه‌می ئیراده نه‌با، ئه‌وا پاش تێکشکانیشی نه‌ده‌بوو به سه‌رمه‌شق و ڕچه‌شکێن بۆ حه‌ره‌که‌تی له‌م چه‌شنه له ئاستی ئێران‌دا. هه‌روه‌ك ده‌زانین بزوتنه‌وه‌ی «سیاهکه‌ل» که له یاده‌وه‌ریی به‌كۆمه‌ڵی سه‌رجه‌م ئازادیخوازانی ئێران (نه‌ک ته‌نیا هه‌ر له‌لای چه‌په‌كان) وه‌ك ئه‌زموونێکی پڕشنگدار چاو لێ ده‌كرێ، دوای بزوتنه‌وه‌ی ٤٦-٤٧ به‌ڕێوه چووه.
قۆناغی دووه‌می بهسهمبولبوونی سمایلی شه‌ریفزاده له کۆگای هه‌ست و نه‌ستی سیاسیماندا ڕه‌هه‌ندی یه‌كه‌می ژیانی ناوبراو و ئه‌و شته‌یه که ئه‌مڕۆ ئێمه بۆی کۆبووینه‌وه، واته ئه‌وه که ئه‌و که‌سه‌ی باسی ده‌كه‌ین جیا له‌وه که سه‌ردارێكی چه‌کبه‌ده‌ستی میلله‌ته‌که‌مانه، خوێندکار و ڕووناکبیرێكیش بووه. به‌خۆشییه‌وه ئه‌و ڕه‌هه‌نده دووه‌مه‌ی که‌سایه‌تی و ژیانی سمایلی شه‌ریفزاده له ساڵانی ڕابردوودا تا هاتووه زیاتر باس کراوه و هیوادارم له‌مه‌ودواش هه‌روا به زیندوویی ڕابگیرێ. ئه‌م ههڵدانهوهیهی ڕه‌هه‌ندی دووه‌م ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان پێ ده‌دا که هه‌ردوو لایه‌نی ژیان و که‌سایه‌تیی ناوبراو و هه‌ردوو به‌ستێنی سه‌ره‌کیی خه‌باتمان به یه‌کتر ببه‌ستینه‌وه. سه‌رنجڕاکێشه که له‌بیرمان بێ که له‌و شوێنه‌ی «قندچی»یه‌کان و «بزرگ نیا»کان و «شریعت رضوی»یه‌کان له زانکۆی تاران شه‌هید ده‌بن، خوێندکاره خه‌باتگێڕه‌كه‌ی ئێمه له «دارێنه»ی بانه شه‌هید ده‌بێ. ئه‌وه له‌خۆڕا نیه و بۆ دۆخی گه‌لی ئێمه و بۆ جۆری خه‌باتی میلله‌ته‌كه‌مان مانا و مه‌فهوومی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه.
له‌نێو هه‌موو ئه‌و ده‌رسانه‌دا که ده‌بێ له ژیان و که‌سایه‌تیی سمایلی شه‌ریفزاده فێری بین، له دیدی منه‌وه دوویان زۆر گرینگن: یه‌که‌م، ئێمه له عه‌ینی ئه‌وه‌دا که ده‌بێ ئاگاداری ڕه‌وتی رووداو و ئاڵوگۆڕ و پرۆسه سیاسییه‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆمان له ئێران و ناوچه و جیهاندا بین و شوێنه‌وار له مه‌سایل و چه‌مکه‌کانی سه‌رده‌م وه‌ربگرین و خۆمان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه جیاوازه‌کان بگونجێنین، پێویسته پێش هه‌موو شتێک پشت به هێزی خۆمان ببه‌ستین، چه‌مکه‌کان به‌خۆماڵی بکه‌ین و ڕوانین و ئاجێندای تایبه‌ت به خۆمانمان هه‌بێ. دووه‌م، ده‌بێ تێ بکۆشین پێوه‌ندیی نێوان کۆمه‌ڵێك شت به قازانجی خه‌باتی میلله‌ته‌كه‌مان بگۆڕین یان وردتر بڵێم کۆمه‌ڵێک نالێکی له ده‌روونی بزوتنه‌وه‌ی کوردی‌دا هه‌ن که ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین نه‌مێنن. ئه‌زموون و چاره‌نووسی شه‌ریفزاده نوخته‌ی تێکگیرانی کوردبوون و له ئێران‌دا ژیان، هه‌روه‌ها کوردی ڕۆژهه‌ڵات بوون و که‌وتنه باشووری کوردستان له‌لایه‌ک و خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی شۆڕش و زانست یان خه‌بات و مه‌عریفه‌ت له‌لایه‌کی دیکه‌یه. ده‌زانین که سمایلی شه‌ریفزاده کاتێك بۆ خوێندن له مه‌هاباده‌وه ده‌چێته تاران، وێڕای ئه‌وه که پێشتر ڕەکێشی خه‌باتی حیزبی دێموکرات بووه، ئه‌وه هه‌روه‌ها له په‌راوێزی هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شۆڕشی کورد له باشووری کوردستانه که قاچاغی ئه‌م دیوه‌ی کوردستان که ئه‌و کاته سه‌رکرده‌کانی حیزبی دێموکراتیشی لێ بوون، ده‌بێ. که‌چی ئه‌و کاته نه پێوه‌ندیی نێوان شۆڕشی کورد له هه‌ردوو به‌شی کوردستاندا به چه‌شنێک بووه که ده‌ره‌تانی بردنه‌پێشی خه‌بات بۆ تێکۆشه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌و جۆره‌ی بۆخۆیان ئاره‌زوویانه هه‌بووه؛ نه وه‌زعیه‌تی نێوماڵی حیزبی دێموکڕاتیش وه‌ک پێویسته توندوتۆڵ و یه‌كگرتوو بووه هه‌تا ڕووناکبیرێکی وه‌ک وی بتوانێ به ته‌واوی خۆی تێدا ببینێته‌وه. ئێمه ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌مایه‌سییانه به‌ره‌وڕووین. ئێستاش هه‌م هاوپێوه‌ندیی نێوان پارچه‌کانی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌نێوان باشوور و ڕۆژهه‌ڵات لاسه‌نگ و پڕ له که‌موکوڕییه و زۆر جار به‌رژه‌وه‌ندییه خه‌باتگێڕییه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ده‌بنه قوربانیی به‌ربه‌سته‌کانی دۆخی زاڵ به‌سه‌ر پارچه‌ی دیکه‌ی کوردستان، هه‌م ڕیزی تێکۆشه‌رانی گه‌له‌که‌مان به‌تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی دێموکرات یه‌کگرتوو نییه؛ هه‌م جێگه و پێگه‌ی فیکر و توانای سه‌رده‌می له سازوکاری خه‌بات و به‌رنامه‌ی تێکۆشانماندا وه‌ك پێویسته ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نییه. ئێستاش ئه‌و زه‌رووره‌ته که هه‌ر چه‌شنه سیاسهتسازییهکی جیددی و هه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی به‌کرده‌وه‌ی خه‌بات ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی گرێ‌دراو به واقیع بێ جێ نه‌که‌وتووه. ئێستاش زۆر جار ڕووناکبیر و پێشمه‌رگه له به‌رامبه‌ر یه‌كتر داده‌نێین له حاڵێکدا هه‌ردووکیان ده‌توانن شتێک له‌وی دیکه‌یان تێدا بێ، یا لانیکه‌م یارمه‌تیده‌ر و پشتیوانی یه‌كتر بن. ئێمه ئه‌مڕۆ چ له وڵات و چ له ده‌ره‌وه، به سه‌دان و هه‌زاران که‌سی رووناک‌بیر و خوێنده‌وارمان له هه‌موو بواره‌کاندا هه‌یه که وه‌ک پێویست نه‌مانتوانیوه جه‌زبی خه‌باتیان بکه‌ین یان له ڕیزی خۆمان و له ده‌وری خۆمان ڕایانبگرین. کۆمه‌ڵگەیه‌کی سالم کۆمه‌ڵگەیه‌ک نییه که هه‌موو تاکه‌کانی خه‌ریکی سیاسه‌ت بن، به‌ڵام گه‌لێک که له حاڵی خه‌بات بۆ ئازادی دایه سه‌رناکه‌وێ -سه‌ریش بکه‌وێ به به‌ختیاری ناگا- ئه‌گه‌ر هه‌موو چین و توێژ و تاکه‌کانی هه‌ر کامه و له شوێنی خۆیه‌وه له حیکایه‌تی گه‌وره‌ی ئه‌و گه‌له‌دا خۆی به به‌شدار و ئه‌رکدار نه‌زانێ.
مێژووی گه‌لان نیشانی داوه که چینی خوێندکار ده‌توانێ له ئاڵوگۆڕه موسبهتهکاندا نه‌خشی گرینگ و کارساز بگێڕێ. بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده به‌سه که چاو له ئینقلاب و ئاڵوگۆڕه‌کانی وڵاتانی وه‌ك له‌هستان، پۆرتوغال، ئه‌مریکا، بریتانیا، چین، ژاپۆن، پێروو و … ده‌یانی دیکه له سه‌ده‌ی ڕابردوودا بکه‌ین. تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ره دیاری بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری ئه‌وه‌یه که خوێندکاران ته‌نیا بۆ داخوازییه سینفییه‌کانی خۆیان ڕاناسێن، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م لاون و هه‌م زۆر په‌نجه‌ره‌ی ڕوانین به‌سه‌ر مێژوو و به‌سه‌ر دنیایان له‌به‌رده‌مه، جیهانبینییه‌كی فراوانیان هه‌یه و خه‌ون و ڕۆئیای وان بۆ هه‌موو کۆمه‌ڵگەیه. له بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاریی مانگی مای ١٩٦٨ی فه‌ڕانسه‌دا خوێندکاران هه‌ر ته‌نیا به‌دژی هه‌لومه‌رجی خراپی ژیان و خوێندن و پێکهاته و نێوه‌رۆکی وشک و داخراوی زانکۆ و مادده ده‌رسییه‌کان ڕانهپهڕیبوون، به‌ڵكوو به‌گشتی دژی کۆمه‌ڵگەی مه‌سره‌فی و کۆنه‌پارێز بوون و خوازیاری ئازادی و یه‌کسانیی زیاتر و کۆمه‌ڵێک نۆرم و به‌های نوێ بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگە بوون. له‌خۆڕا نه‌بوو که چین و توێژه‌کانی دیکه‌ش نه‌ک هه‌ر له فه‌ڕانسه به‌ڵکوو له وڵاتانی دیکه‌ش پشتیوانی‌یان لێ کردن هه‌تا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه به قیمه‌تی بوومه‌له‌رزه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و دامه‌زراوه‌یی له فه‌ڕانسه ته‌واو بوو و گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تمه‌ردی مێژووی وڵات له‌دوای ناپلیۆن، واته ژنڕال دوگۆل، ناچار بوو به قازانجی دێموکڕاسی و ئازادیی زیاتر ئاکامگیریی لێ بکا.
ئێمه ده‌بێ ئه‌زموونی بزوتنه‌وه خوێندکارییه‌کانی دنیا و پێوه‌ندییان به ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانه‌وه بۆ باشکردنی ئه‌مری سیاسه‌ت له وڵاتی خۆمان به‌کار ببه‌ین. له پۆلێنبه‌ندیی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دوو پێوه‌ر هه‌ن که زۆر به‌کار ده‌برێن: یه‌که‌میان بریتییه له به‌رفراوانی و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی بزوتنه‌وه‌کان، دووه‌میشیان بریتییه له جۆری داواکان و ڕاده‌ی ڕادیکاڵیی داخوازه‌کان. بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری به سروشتی خۆی هه‌م پۆتانسیه‌لی به‌جه‌ماوه‌ری بوونی زۆره، هه‌م قابلییه‌تی ڕادیکاڵیزم. ئه‌وه نموونه‌ی خاسیه‌تی بزوتنه‌وه کۆمهڵایهتییهكانه که ده‌توانێ له ئاشتکردنه‌وه و پێکه‌وه گرێدانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و بزاڤی مه‌ده‌نی یارمه‌تیمان بدا. ئێمه زۆر جار له‌خۆڕا به‌ستێنی شۆڕشگێڕی و به‌ستێنی مه‌ده‌نی له به‌رامبه‌ر یه‌ک داده‌نێین. هه‌ڵه ده‌بێ ئه‌گه‌ر پێمان وابێ هه‌رچی له به‌ستێنی مه‌ده‌نیدا بکرێ ئه‌وه ته‌نیا له‌پێناوی داوای بچووکه، ئه‌وه ته‌نیا بۆ سازان له‌گه‌ڵ سیستمی مه‌وجوود و ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی بۆ ریفۆرمی سیستمه. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، هه‌ڵه ده‌بێ ئه‌گه‌ر بڵێین هه‌رچی له به‌ستێنی چه‌کداری و شۆڕشگێڕیدا بکرێ ئه‌وه مسۆگه‌ر له‌پێناو داوای گه‌وره و ویستی ڕادیکاڵه. ئێمه ده‌بێ ئه‌و به‌ستێنانه ته‌نیا وه‌ک زه‌رفێک بۆ کاری سیاسی و خه‌باتگێڕی چاو لێ بکه‌ین به‌بێ پێشداوه‌ری له‌سه‌ر ماهیه‌ت و مه‌رام و به‌رهه‌میان له درێژخایه‌ندا. ده‌كرێ له‌ژێر پێستی به‌ستێنی ناوخۆدا ڕادیکاڵیزمێکی ڕه‌وا هه‌بێ که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رنجی نادرێتێ پۆتانسیهلهکهی به فیڕۆ ده‌چێ، هه‌روه‌ک که ده‌كرێ به‌ستێنی حیزبه‌کانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه کۆتایی به ڕکابه‌ری و تاکڕهوییهكانی نێوخۆی بێنێ، له ئه‌نجامدا ببێته هۆی دابه‌زاندن و دوورکه‌وتنه‌وه له وه‌دیهێنانی ئامانجه ستراتژییه‌كان. له‌هه‌رحاڵدا دروست وایه ئه‌و به‌ستێن و شێوازه جیاوازانه نه‌ک به موزاحیم به‌ڵکوو به ته‌واوکه‌ری یه‌كتر چاو لێ بکه‌ین و بۆ ئه‌وه‌ش بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری ده‌توانێ یه‌ک له باشترین نموونه‌کانی وه‌ها هه‌ماهه‌نگی و پێکگرێدانهوهیهک بێ.
هه‌مووی ئه‌م قسانه له‌گه‌ڵ واقیعیه‌تی ئێستای بزوتنه‌وه‌کان له نێوخۆی وڵات زۆر لێک دوورن. بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری له مێژووی ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی ئێران‌دا هه‌میشه نه‌خشی گرینگ و چاره‌نووسسازی گێڕاوه. ئه‌گه‌ر ڕۆڵی ڕێکخراوی خوێندکاریی حیزبی تووده، کۆنفێدراسیۆنی خوێندکاران، و زۆر ته‌شه‌کولی دیکه‌ی خوێندکاری له سه‌رده‌می رێژیمی شا که دواتر دروستبوونی رێکخراوی گه‌وره‌ی سیاسی‌یان له ئێران لێ که‌وته‌وه له‌به‌رچاوبگرین، ئه‌وده‌م تێده‌گه‌ین که بۆچی له سه‌ره‌تای ئینقلاب‌دا کۆماری ئیسلامی زانکۆکانی داخست. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر مه‌ترسیی بزوتنه‌وه‌ی که‌مپی زانکۆ له ساڵی ١٣٧٨ و ئیعترازاتی خوێندکاران له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٨ بۆ سه‌ر نیزامی کۆماری ئیسلامیمان له‌به‌رچاو بێ، ئه‌وده‌م ده‌زانین که بۆچی سی ساڵ پاش هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی، ڕێبه‌ری نیزام تازه له فکری به‌ڕێوه‌بردنی ئینقلابێکی دیکه‌ی فه‌رهه‌نگیدا بوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ له ئاستی ئێران‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه که خه‌ڵک زیاتر له هه‌ر کاتێک له کۆی ڕێژیم بێزار بوون و جه‌سوورانه‌تر و به‌ربڵاوتر له هه‌ر سه‌رده‌مێک ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان به‌دژی ئه‌و سیستمه ده‌رده‌بڕن، که‌چی سۆراغێک له بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌گشتی و بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری به‌تایبه‌تی به‌دی ناکرێ. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه نییه که بڵێین سه‌رده‌می به‌ناو ئیسلاحات بۆ هه‌ڵدانی ڕێکخراوه‌کان له‌بار بووه و ئه‌حمه‌دی نژاد له‌باری بردووه یان ئه‌وه که بڵێین ده‌وره‌ی ئه‌وه‌ڵی سه‌رکۆماریی ڕووحانی له ده‌وره‌ی دووه‌می باشتر بووه. به‌ڵكوو ده‌بێ له شوێنی دیکه، له‌به‌ر ڕووناکایی پیلانه‌كانی ده‌سه‌ڵات و بێمتمانه‌یی خه‌ڵک و سیناریۆ نادیاره‌کانی ناوچه و له دینامیزمه‌کانی تایبه‌ت به بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و له زێهنیه‌ت و مه‌رامی نالێك و ڕاڕای ئێلیتهکاندا بۆ هۆکاره‌که‌ی بگه‌ڕێین.
ئه‌وه بۆ کوردستانیش ڕاسته. جارێ هه‌ر له بنه‌ڕه‌ت ڕا دڵنیا نیم که له کوردستان هه‌رگیز خاوه‌نی بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت به خۆمان (چ بۆ خوێندکاران چ بۆ چین و توێژه‌کانی دیکه) به‌دوور له هه‌ر جۆره پاشکۆیهتییهك له‌ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی خۆماندا بووبین. ئێمه له ده‌هه‌کانی ڕابردوودا به هه‌زاران چالاکی خوێندکاری و زۆر ته‌شه‌کول و ئیبتکار و فیداکاریمان له‌و به‌ستێنه‌دا دیتووه، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌یه‌کی خوێندکاریی تایبه‌ت به کورد و داماڵڕاو له پاشکۆیه‌تیی ڕه‌وته سه‌راسه‌ری و ده‌ره‌کییه‌كان که‌متر ڕۆئیهتی هه‌بووه. ئه‌مڕۆ له‌حاڵێکدا که سه‌رکوت له جاران زیاتر نییه، له‌حاڵێکدا که خه‌ڵک له جاران زیاتر له مه‌یدان دایه، له حاڵێکدا که چینێکی به‌رفراوانتری نه‌وه‌ی نوێ خوێندکار و وشیاره، که‌چی تاکه‌کان له سۆنگه‌ی چین و توێژی خۆیانه‌وه و له چوارچێوه‌ی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا وه‌ک پێویسته خۆ ده‌رناخه‌ن. ئه‌وه‌نده‌ی دوورکه‌وتنه‌وه له ته‌عه‌لوق و ئینتما خێڵه‌کی و شاره‌کی و فه‌رهه‌نگییه‌كان له به‌ستێنی گشتی و بۆ ده‌روه‌ستیی سیاسی شتێکی پێویست و به‌جێیه، ئه‌وه‌نده‌ش کاڵبوونه‌وه‌ی بنیاتی بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای چین و توێژه‌کان بۆ جووڵه‌ی سیاسیی کۆمه‌ڵگە به‌زیانه.
له به‌رامبه‌ر وه‌ها دۆخێک‌دا و وه‌ك دوا وته، ده‌مه‌وێ ئیشاره به قسه‌ی دوو که‌س بکه‌م. ئا‌لبێرت ئه‌نشتاین ده‌ڵێ خوێندکار ده‌فرێک نیه که ده‌بێ پڕی بکه‌ین، به‌ڵکوو مه‌شخه‌ڵێکه ده‌بێ دایگیرسێنین. شتێکی سروشتییه که ئێمه وه‌ک حیزبه‌کان هه‌ر کامه‌مان ڕێکخراوی تایبه‌ت به توێژی خوێندکار یان توێژه‌کانی دیکه‌ی نێو کۆمهڵگەمان هه‌بێ. له فه‌ڕانسه‌ش هه‌ر به‌م جۆره‌یه. به‌ڵام هه‌موومان کاتێك له‌و کاره‌دا سه‌رکه‌وتوو ده‌بین که لێگه‌ڕێین بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کان به‌جیا له خۆمان و ته‌نانه‌ت سه‌ربه‌خۆ له ئێمه شکڵ بگرن. ئێمه نابێ پێمان وابێ ئه‌وه ڕۆڵ و کاریگه‌ری له حیزبه‌کان ده‌ستێنێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه حیزبه‌کان له کۆتایی ڕۆژدا له‌مه سوودمه‌ند ده‌بن نه‌ک به‌و مانایه که پاڵی لێ بده‌نه‌وه و ئه‌رکی دروستکردنی گۆڕانکاری ته‌نیا بۆ خه‌ڵک به‌جێ بێڵن، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر کاتێك کۆمه‌ڵگە هه‌ستا دواتر داده‌نیشێته‌وه و ئه‌وه سیاسییه‌کانن که ده‌بێ ئیداره‌ی کۆمه‌ڵگە بگرنه‌وه ده‌ست. ئه‌مڕۆ له دنیادا تۆڕێکی خوێندکاران هه‌یه به ناوی ئینقلابی دائیمی، ئه‌مه‌ش نه‌ک به مانا مارکسیستی و «ترۆتسکی»یه‌که‌ی، به‌ڵکوو به مانای ئه‌وه که هه‌میشه له کاری سیاسی و جڤاکیدا دووره‌دیمه‌نێک له ئیده‌ئال و به‌ها ئینسانییه‌كان له‌پێش خۆمان ڕابگرین و قه‌ت ئه‌و خه‌ون و ئیده‌ئالانه ته‌سلیمی واقیعه ههنجارکوژ و ئومێدئهستێنهکان نه‌كه‌ین. به باوه‌ڕی من ئینقلابێک که له‌ودا بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاری ڕۆڵی تێدا نه‌گێڕێ، ئینقلابێكی بێئاڕمانه.
قسه‌كه‌ی دیکه‌م به مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌ساڵه‌تی خۆمان له عه‌ینی نوێبوونه‌وه دایه. لێره‌شدا ده‌مه‌وێ ئیشاره به به‌یته شێعرێکی نه‌مر مامۆستا سه‌ید جه‌لالی حوسه‌ینی بکه‌م له‌باره‌ی به‌قه‌ولی خۆی «نه‌قڵی دارێنه» و خیانه‌تی کوێخاشهریف و گیانبازیی سمایلی شه‌ریفزاده فه‌رموویه‌تی. من لێره‌دا هه‌م به هۆکارێک شێعره‌که ناڵێم، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی خوێندکارانی به‌هه‌ست بۆیان پرسیار بێ و بۆخۆیان وه‌دوای بکه‌ون. به‌ڵام چه‌ند سه‌رنجڕاکێشه که ڕابه‌رێکی ئایینی شێعری بۆ ڕووناکبیرێکی لاو که بیروباوه‌ڕی فه‌لسه‌فییان وهكیهک نه‌بووه، داناوه. ئه‌وه‌یه داستانی میلله‌تی ئێمه، ئه‌وه‌یه غرووی میلله‌تی ئێمه. به‌و هیوایه که نه‌قڵی دارێنه هه‌ر به زیندوویی ڕابگرین بۆ ئه‌وه‌ی کوێخا شه‌ریفه‌کان له‌نێو میلله‌تی ئێمه‌دا نه‌مێنن و له‌جیاتیان شه‌ریفزاده‌کان هه‌ر زۆر و زۆرتر بن. سوپاستان ده‌که‌م و هه‌ربژین.