یەکێک لە ئەندامان و خەمخۆرانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی دێموکراتدۆستی شنۆ پاش چەندین ساڵ پاڵپشتیکردن لە خەباتکارانی دێموکرات و تێکۆشان لە نێوخۆی وڵات، بە هۆی نەخۆشییەوە ڕۆژی ١٥ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاوی ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵێک کە لە شاری شنۆوە بە دەستمان گەیشتووە، کاک “مستەفا تەنها” ناسراو بە مستەفای شەریف ڕابێ، خەمخۆر و ئەندامی هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات کە چەندین ساڵ ئازایانەو نەترسانە خزمەتی بە تێکۆشەرانی دێموکرات کردوە، دوای تەمەنیک ژیان بە کوردی و سەربەرزییەوە کۆچی دوایی کردوە.
شایانی باسە کاک مستەفا تەنها پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە بواری کۆکردنەوەی یارمەتی و پێداویستییەکان و گەیاندنی بە دەستی خەباتکارانی دێموکرات لەو ناوچەیەدا دەوری بەرچاوی هەبووە.
ناوبراو ساڵی ٦٣ی هەتاوی لە گەڵ ئەندامێکی دیکە حیزب لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر دەبێ و پاش ماوەیەک ئازا و ئەشکەنجە، بۆ شاری ورمێ دوور دەخرێتەوە.
کاک “مستەفا تەنها ” بە هۆی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کوردانەو نیشتمانپەروەرییەوە کەسێکی جێگای ڕیز و خۆشناوی ناوچەی شنۆیە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەئەرکی خۆی دەزانێ یادوناوی سەرجەم ئەندامانی ئەو حیزبە بەرز ڕابگرێ و پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک مستەفا دەکا و سەبوورییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.