خولێکی دیکە لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرهەنگییانی ئێران دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ کە لە ئێران کە بە ڕۆژی مامۆستا ناوزەدکراوە، بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئێران ، لەهبەر خەمساری بەرپرسان و جێبەجێ نەبوونی وادەو بەڵێنیەکانی دەسەڵات، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی مامۆستایان و خانەنشین کراوان، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شارەکانی تاران و مەشهەد و ئیسفەهان و چەندین شاری دیکەی ئێران بەشێک لە مامۆستایان بە هەڵگرتنی تراکت و نووسراوەی پێوەندیدار بە کێشەو گرفتە سینفییەکانیان، خۆپێشاندانیان کرد.
لە کوردستانیش بەهەمان شێوە لە شارەکانی مەهاباد و سەقز و سنەو دێولان و جوانڕۆ و مەریوان ، مامۆستایانی ناڕازی، لە بەردەم ئیدارەی ڕاهێنان و فێرکاریی شارەکانیان گردبوونەوە.
جێیوەبیر هێنانەوەی ساڵی ڕابردووش مامۆستایانی زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان لە ڕێگای مانگرتن و نەچوونە سەر کلاسی وانەگوتنەوە، خوازیاری چارەس بوونی کێشەو گرفتەکانیان بوون و چەندین کەس لە ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانی مانگرتنەکان، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکران.