بە پێی هەواڵێک کە لە شاری مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتووە، ڕەحمان شیوا یەکێک لە تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات و کوڕی شەهید عەبدوڵڵا بارزانی ، پاش چەندین ساڵ خەمخۆریی بۆ نیشتمان، لە تەمەنی ٧١ ساڵەیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ ڕەحمان شیوا، هەر لە سەرەتای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات لە سەروبەندی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان لە ئێران، وەکوو ئەندامێکی چالاک لەو قوناغە هەستیارەدا خزمەتی بە حیزبی دێموکرات کرد.
ناوبراو دوای شەهید بوونی باوکی، درێژەی بە ڕێبازی باوکی شەهیدی داو، وەکوو ئەندامی تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد چالاکانە تێدەکۆشی و لەو پێناوەشدا چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە درا.
کاک ڕەحمان شیوا ، ملی بە هەڕەشەکانی ناوەندە ئەمنییەکان نەداو، لە ساڵی ٦٢ی هەتاویی دەسبەسەر و بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ شاری دامغان دوور خرایەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە شەهید عبدوڵڵا بارزانی باوکی ڕەحمان شیوا ، پیشمەرگەی هێزی شەهید پیشەوا، لە هێرشی سپای داگیرکەر بۆ سەر گوندی ئێندرقاش لە ساڵی ٥٩ی هەتاویی لە سەنگەری دێموکرتدا گیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.
شایانی باسە هاوڕێ ڕەحمان شیوا پاش گەڕانەوەی بۆ مەهاباد، تا دواساتی ژیانی بە ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد و حیزبی دێموکراتی کوردستان وەفادار مایەوەو لە ماوەی ژیانیدا وەکوو ئەندامێکی کارا و لێهاتوو خزمەتی بە خەباتکارانی دێموکرات کرد.
ناوبراو ڕۆژی پێنچشەممە ٥ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاویی دوای ماوەیەک نەخۆشی، دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە وێڕای ڕێزگرتن لە یاد و ناوی کاک ڕەحمان شیوا، پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە لە شاری مەهاباد دەکات.