دیاردەی خۆکوشتن لە ئێران و کوردستان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوات و هەتادێ ئاماری خۆکوشتنەکان بەتایبەتی لە نێو ژنان و لاوان لە هەڵکشان دایە.
هەر لە یەکەم ڕۆژی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان زیاتر لە حەوت حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە شارەکانی سنە و بۆکان و دێولان ٣ی هاونیشتمانی بە هۆکاری کۆمەڵایەتی لە ڕێگای خۆکوشتنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
لە ئاوایی کەڕۆنانی دێولان، کەسێک بە ناوی ئەسعەد جەوانمەردی بە هۆی کێشەی تاکەکەسییەوە پەنای بۆ خۆکوشتن بردوەو هەروەها ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاویی کچێکی تازە لاو بەناوی “شەکیلا کەریمییان ” خەڵکی حەسەنئاوای سنە بە هۆی گرفتی بنەماڵییەوە کۆتایی بە ژیان خۆی هێناوە، بە پێی هەواڵێکی دیکەش کەسێکی خەڵکی شاری بۆکان لەو ئەوپەڕی بێهیواییەوە، خۆی هەڵواسیوە.
هەر لە سەرەتای ئەم حەوتەیەدا لە شارەکانی سەردەشت و مەهاباد سێ ژنی دیکەش پەنایان بۆ خۆکوشتن بردوە.
هەروەها جێیوەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی ٢ی بانەمەڕیش ژنێک بە ناوی “دڵنیا ڕەحمانی” دانیشتووی شاری مەریوان هەوڵی خۆکوشتنی داو، لەو ڕێگایەوە گیانی لەدەستدا.
بە پێی زانیارییەکانی “چاونیوز” لە مانگی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاوی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان زیاتر لە 25 کەس خۆیان کوشتوە .
جێی باسە ساڵی ڕابردووش 170 کەس لهو سهدان کهسهی بههۆی جۆراوجۆی وهک ههژاری، بێهیوایی و کێشهی خێزانییەوە ههوڵی خۆکوژییان دابوو، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو ببوو، و کۆتاییان به ژیانیان هێنابوو. لەو 170 کەسە 62 کەسیان پیاو و 108 کەسیان ژن بوون و کهم تهمهنترینیان کوڕێکی 12 ساڵ و بهتهمهنترینیان پیاوێکی تهمهن 63 ساڵ بووه.