هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان رۆژی دووشەممە ٢ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاویی بە سەرپەرستی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی رێزلێنانی ئاکادیمیای زمانی کوردی لە نووسەر و مێژوونووسی بە ناوبانگی کورد کەلیموڵڵا تەوەحودی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی باشووری کوردستان کرد.
ئەو کۆڕە کە لە لایەن ئاکادیمیای زمانی کوردی و بە سەرپەرستی نێچیروان بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە تالاری سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، سەدان کەس لە نووسەر و هونەرمەند و کەسایەتیە سیاسییەکانی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد.
لەو رێوڕەسمەدا سەرۆک وەزیرانی کوردستان و سەرۆک و بەرپرسانی ئاکادیمیا قسەیان لە سەر کەسایەتیی کەلیموڵڵا تەوەحودی کرد و رێزیان لە هەوڵ و تێکۆشانی ناوبراو بۆ زیندووهێشتنەوەی مێژووی کوردەکانی خوراسان گرت.
شایانی باسە کە کوردەکانی نیشتەجێی خوراسان لە دوای شەڕی چاڵدران بەولاوە لە چەندین قۆناغدا بە زۆر بۆ ناوچەکانی سنووری رۆژهەڵاتی ئێران دوورخرانەوە کە بە پێی ئامارەکان ئێستا حەشیمەتیان لە دوو میلیۆن کەس زیاترە.
کەلیموڵڵا تەوەحودی ناسراو بە کانیماڵ خاوەنی چەندین بەرهەمی بەنرخی مێژوویی و ئەدەبییە کە ناسراوترینیان کۆچی مێژووی کوردانی خۆراسانە.