بە پێی هەواڵێک کە لە شاری مەهابادوە بە “کوردستان وکورد” گەیشتووە، بە داخەوە خاتوو ڕۆقیە گوشوارە خوشکی جەرگ سووتاوی دوو شەهیدی سەرفەرازی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی یووسف و جەعفەر گوشوارە بە هۆی نەخوشییەوە ڕۆژی ٣١ی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاویی لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو ڕۆقیە گوشوارە وەکوو زۆربەی دایک و خوشکانی چاو پڕ ئەسرینی شەهیدانی کوردستان ، سەرەڕای ئەوەی کە خەمی دوو برای کوژراوی لە ناخدا هەبوو، بەڵام هەردەم بە ورە و باوەڕی بەرزەوە هەڵسوکەوتی دەکرد.
شایانی باسە کە بنەماڵەی گوشوارە لە مەهاباد، خانەوادەیەکی تێکۆشەر و دێموکراتدۆستن و، لە پێناوی سەرخستنی گەلەکەمان، گەلێک فیداکارییان نواندوە و، هەر لە ڕێگای ڕزگاری کوردستان ، دوو کوڕی ئەو بنەماڵەیە گیانی خۆیانیان پێشکەش بە بارگای ئازادی کردوە.
شەهید یووسف گوشوارە لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٨ی هەتاویی، پاش ئەوەی پەیوەست ببوو بە خەباتکارانی دێموکرات لە هێزی پێشەوادا وەکوو سەرپەل بەرپرسایەتی لە ئەستۆ گرت و، لە ساڵی ٦٢ی هەتاویی لە پێناو نیشتمانەکەیدا و لە سەرنگەری بەرگریکردن لە خاک و وڵات، سەری نایەوە.
هەروەها جەعفەر گوشوارە برای دیکەی خاتوو ڕۆقیە، لە دایکبووی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاویی ، پێشمەرگەی ئازای حیزبی دێموکرات ئەویش لە ساڵی ٦٢ی هەتاویی پەیوەست بوو بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی کوردستانەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لەسەرجەم دایک و خوشکانی شەهیدان ، پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی تێکۆشەری گوشوارە لە شاری مەهاباد دەکا و، خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.