ماوەی زیاتر لە دوو حەوتوویە کە خەڵکی مرۆڤدۆستی کورد و چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی بە پێکهێنانی کەمپەینێک لە ژێر ناوی” زاگرۆس چاوەڕێمانە” بە شێوەی ڕێکوپێک خەریکی یارمەتی کۆکردنەوەو گەیاندنی بە دەستی خەڵکی لافاولێدراوی پارێزگای لوڕستانن.
لە درێژەی ئەو چالاکییە خۆڕسک و خێرخوازانەدا دوێنێ دووشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاویی کاروانێکی دیکە لە یارمەتییەکانی خەڵکی شاری شنۆ ڕەوانەی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و بەتایبەتی پارێزگای لوڕستان کرا.
شایانی باسە “کەمپەینی زاگرۆس چاوەڕێمانە” بەشێوەیەکی کەموێنە لە لایەن خەڵکی کوردەوە پێشوازی بەربڵاوی لێکراو، ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئەو هاوسۆزی و خەمخۆرییە بەردەوامە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە کوردستان وکورد گەیشتووە، هاتنە مەیدانی چالاکانی مەدەنیی کورد و هاوکاری هەمەلایەنەی خەڵکی کورد بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی پارێزگای لوڕستان تووڕەیی ناوەندە حکوومییەکانی لێکەوتووتەوەو تەنانەت لە دابەشکردنی یارمەتییەکاندا ڕێگری دەکەن.
شایانی باسە ڕۆژی شەممە ٢٤ی خاکەلێوە بەشێک لە ژینگەپارێزانی کورد، کە لەگەڵ یارمەتییەکان سەردانی ناوچەی پولدوختەریان کردوە، لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا نێو ئاوایی مامۆڵان و دەوروبەری ئەو گوندەیان خاوێنکردەوە.