ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، باڵوێزی فەڕانسە لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە ئێرانی و جیهانییەکان، “فیلیپ تیە” باڵوێزی نوێی فەڕانسە لە ئێران، لەسەر تویتی باڵوێزی فەڕانسە لە ئەمریکا، لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشت کراوە.
” ژرار ئارۆ” باڵوێزی فەڕانسە لە ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ ڕێککەوتننامەی بەرجامدا نووسی: ئێران پێویستی بە بەرهەم هێنانی یۆرانیۆم نییە و یۆرانیۆم بۆ ناوەندی وزەی ئەتۆمی بووشهێر لە لایەن ڕووسیەوە دابین دەکرێ.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی تویتی باڵوێزی فەڕانسە لە ئەمریکا، عەبباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە نیگەرانییەوە دژکردەوەی پێشاندا و ناڕەزایەتی خۆی لە ڕێگای باڵوێزی فەڕانسە لە تاران گەیاندە دەوڵەتی فەڕانسە و داوای ڕوونکردنەوەی لێکرد.
ناکۆکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەکیەتیی ئورووپا دوای گەڕی دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تا دێ زیاتر دەبێ و لەم ماوەیەدا چەند جارێک لە سەر ڕێککەوتننامەی بەرجام، تێرۆری بەرهەڵستکارانی ڕێژیمی ئاخوندی، مافی مرۆڤ، زیندانییان، کێشەی حیزبوڵڵا و سووریە لێک هەڵبەزیونەوە. ناکۆکی لە سەر ڕێککەوتننامەی بەرجام یەکێک لەو پرسانەیە کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و یەکیەتیی ئورووپا کێشەی لەسەرە و هەتا ئێستا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و یەکیەتیی ئورووپا هەروا بە ئاسانی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێشێل ناکا و نایهەوێ ئەمریکا فیدای ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکا.