٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، حیزبی دێموکرات، حەفتایەمین مۆمی تەمەنی دادەگیرسێنێ و جەژنی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی دەگرێ.
٧٠ ساڵ پر لە بیرەوەریی تاڵ و شیرین نەک تەنیا هەر بۆ ئەندامەکانی خۆی بەڵکوو بۆ نەتەوەیەک کە فرچکی ژیانی سیاسی و خەباتی نەتەوایەتیی بە رێباز و چالاکییەکانی ئەم حیزبەوە گرتوە. حیزبی دێموکرات وەک کۆنترین و بە ئەزموونترین حیزبی سیاسیی کوردستان بۆ هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەڵگری کۆمەڵێک دەستکەوتی پر لە شانازی و جاویدانەی نەتەوەیی یە، کە دەورێکی تاقانەی بەم حیزبە بەخشیوە. دامەزرانی یەکەم کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، دامەزراندنی یەکەمین یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان، کردنەوەی یەکەمین قوتانخانەی کچانی کوردستان، دامەزرانی سپای میللی کوردستان بەناوی هێزی پێشمەرگە، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی رەسمی، گەڵاڵەدار کردنی خواستە رەواکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی تۆکمەی سیاسیدا، بەفەرمی کردنی زمانی کوردی وەک زمانی رەسمی لە کوردستان و بەدەیان هەوڵ و کردەوەی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی دیکە لە دەستکەوتە هەرمانییەکانی حیزبی دێموکرات بووە. ئەم حیزبە کە لەسەر بنەمای کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا دامەزرا، بە گوتارێکی میللی دێموکراتیک و لەسەر ئەساسێکی مافخوازانەی نەتەوەیی هاتە نێو مەیدانی سیاسی و نەتەوەیی کوردستانەوە و کاریگەریی بەرنامە و چالاکییەکانی تەنیا بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە مەحدوود نەبۆوە، بەڵکوو ئاستێکی بەرینی نیشتمانیی لە بهشهکانی دیکهی کوردستاندا گرتەوە. ئەگەرچی دوای رووخانی کۆمار و لەسێدارەدان و راوەدوونانی پێشەواو رێبەرانی دیکەی کۆمار خەباتی ئەم حیزبە بۆ ماوەیەکی درێژخایەنی چەندین ساڵە رووی لە کزی دا، بەڵام هەرگیز ئاگری خەباتی ئەم حیزبە نەکوژایەوە و جارێکی دیکە لەسەر دەستی پر لەتوانای رێبەری سەرکردە د.عەبدولرەحمانی قاسملوو دووبارە رۆژە گەشاوەکانی خۆی دەستەبەر کردەوە و وەک حیزبێکی بەرپرس و خاوەن پێگەی جەماوەری هاتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.
دەوری حیزبی دێموکرات لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357ی هەتاوی لە تەعامول و پاشان خەبات لەدژی ئەم رێژیمە سەرکوتکەرەدا هەرگیز نکۆڵیی لێ ناکرێ و لە هەر دووی ئەم مەیدانانەدا پشکی شێری بەر دەکەوێ و پێشکەشکردنی نزیک بە پێنج ههزار شەهیدی سوورخەڵات بە بارەگای پڕ لە سەروەریی خەباتی کوردستان بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم ئیددعایەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەگەرچی باشترین رۆڵە قارەمان و رێبەرە هەڵکەوتەکانی خۆی وەک شەهیدان د.قاسملووی رێبەر و د.شەرەفکەندیی نەمریشی لەدەست داوە کەچی بۆ ساتێکیش لە رێباز و ئامانجی شەهیدان و مافە رەواکانی گەلی کورد پاشگەز نەبۆتەوە و لە درێژەپێدانی ئەم رێگە پڕ لە کەند و کۆسپەی خەباتی نەتەوایەتییە بەردەوام و خۆراگر بووە. هەنووکەش پاش تێپەڕبوونی 7 دەیە لە خەباتی بەردەوام و نەپساوە بۆ دابینکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم حیزبە سەرەکیترین هێز و ئاڵاهەڵگری ئەم مەیدانەیە کە رەوایی خەبات و تێکۆشانەکەی بۆ دۆست و دوژمن دەرکەوتوە. حیزبی دێموکرات بە رابردوویەکی پڕ لە سەروەری و کارنامەیەکی خاوێنەوە لە خەباتی نەتەوەیی بەرەو داهاتوویەکی گەش و هەراو هەنگاو دەنێ و وەک هەمیشە سەرەکیترین گرەوی دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ماوە و دەمێنێتەوە.