ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 14ی ئاپریل بەرانبەر بە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاویی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات لە شاری کۆڵنی ئاڵمان، سمینارێکی بۆ ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و چالاکانی جووڵانەوەکانی ژنان، پێکهێنا
سەرەتای سمینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان، بەتایبەتی شەهیدانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان دەستیپێکرد و ، لە لایەن پێشکەشکاری سمینارەکە خاتوو فەرزانە ڕەشیدزادە بەخێر هاتنی بەشداربووان کرا و، مەبەستی سیمینارەکە کە ڕوونکردنەوەی ئامانجەکانی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و، ئەکتیڤکردنەوەی چالاکی ژنان ، جووڵانەوەی ژنان بوو لە وڵاتی ئاڵمان، بۆ بەشداربووان لەو سیمینارە شی کردەوە.
دوای تەواو بوونی قسەکانی فەرزانە ڕەشیدزادە، خاتوو بەهارهەمزەنژاد بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی بەرێوەبەریی دەرەوەی وڵات چەند وتەیەکی سەبارەت بە گرینگی کار و چالاکی ئەندامانی یەکیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات و کار کردن لە ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستاندا، پێشکەش بە بەشداربووانی کۆبونەوەکە کرد.
پاشان خەدیجە مەعزووری، تێکۆشەری دێرینی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕێی سکایپەوە وتارێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
خاتوو خەدیجە مەعزووری بە ئاوڕدانەوەیەک لەمێژووی هاتنە مەیدانی ژنان و بەشداریی کردنیان لە بزووتنەوەی کورد لەو بارەوە گوتی:
لە سەردەمی كۆماری كوردستان لە گەڵ ئەوەی سەردەمی عەشیرەتی و فئۆدالی بوو بەڵام بە هەول و تێكۆشانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و بەتایبەت سەرۆك کۆماری كوردستان پێشەوا قازی محەمەد دەرفەت رەخسا كە ژنان لەو ماوە كورتەی كۆماری كوردوستان بێنە مەیدان و نەخش و ڕۆلی خۆیان بگێڕن.
ناوبراو لە دڕێژەی قسەکانیدا باسی لە قوناغی دوویەمی هاتنە مەیدانی ژنانی کرد لە گۆرەپانی خەبات و تێکۆشاندا و لەو بارەوە ڕایگەیاند: دوای ڕوخانی كۆماری كوردستان كە ژنان لەو سەردەمەشدا كە حیزب خەباتی نهێنی كردووە بە پێی توانا لەو خەباتەدا بەشدار بوون و بە پێی مەجال و تواناش ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە
خاتوو خەدیجەی مەعزووری با باسکردن لە قوناغی هەرە گرینگی جوولانەوەی ژنان لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو پێوەندییەدا درێژەی بەقسەکانی دا و گوتی : لەگەڵ ئەوەیدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەولێکی زۆری دا تا جووڵانەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵات سەرکوت کا، بەڵام ژنان بە بوونیان لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستان بوونی خۆیان سەلماند و بە گژ سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامیشدا چوونەوە و بە بوونیان لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات، شەڕعیەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان هێناوەتە ژێر پرسیار.
هەروەها لەكۆتایی قسەکانی دا پێی وابوو كە ئێستا ژنان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە خەبات و بەربەرەكانی لە دژ كۆماری ئیسلامی بۆ بەدست هێنانی مافە نەتەوایەتێكان و مافی یەكسانی لە كۆمەڵگادا بەشدارن و نەخش و ڕۆڵی بەشێک لە ژنانی دێموکراتی بەرز نرخاند.
لە بەشی دووهەمی سمینارەکە هاورێ حەلیمە ڕەسووڵی بەرپرسی پێشووی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان وتارێكی پێشكەش كرد كەبە وردی ئاستەنگ و كەند و كۆسپەكانی خەباتی ژنانی لە كوردستان و دەورووبەری كوردستان هێنا بەر باس و ئەو خاڵانەی کە ئاستەنگی سەرەكین دەست نیشان كرد.
خاڵی یەكە گەراندەوە بۆ دووا كەوتویی سیاسی و كولتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەبوونی ئازادی و دیموكراسی لەم وڵاتانە.
لە خاڵی دووهەم دا پێی وابوو كە پیاو سالاری و عەشیرەگەری كە داگیركەرانی كوردستان بەهەموو شێوەیەك لە كوردستان پەرەیان پێ داوە و پشگیریان كردوە هۆكارێك بۆ پێشگیری لە گەیشتنی ژنانن بە مافەكانییان.
خاڵی سێهەمی كە بەڕێزیان باسی لێ كرد مەزهەب بوو کە وەكوو ئاستەنگیكی دیكە لەسەر ڕێگای پێشكەوتنی ژنان دەست نیشان كرد و سەرەڕای ئەو هەموو كەند و كۆسپانەش ، جوڵانەوەی ژنان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێشكەوتنی بەخۆیەوە دیوە ، و ئەمڕۆ لە هەموو مەیدانەكان دا ئەو پێشكەوتنانە بەرچاو دەكەون لە ئێران و ژنان لە مەیدانی خوێندن و خۆ پێگەیاندن زۆر سەركەوتوون و لە ڕێكخراو و ئێنجێئۆ و لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن و لە لایەكی دیكە لە حیزب و ڕێكخراوە سیاسیەكاندا ئەگەرچی بەشداریان ئیدێئال نیە و ئێستاش لە ناوەندی بڕیار دا ڕۆڵی سەرەكیان نیە بەڵام بۆ دواڕۆژ جێگای هیوا و ئۆمێدن.
لە بەشی کۆتایی سمینارەکە، باسێکی ئازاد سەبارەت بەو پرسانەی لەناو سیمینارەکە پێشکەش بە شداربووان کرابوو، هاتە ئاراوە و بەشداربووان بە گوڕووتینێکی تایبەتەوە پرسەکانیان تاوتوێ کرد.