نزیک بە ماوەی یەک مانگە کە لافاوەکانی ئێران بوونە مەترسی بۆ سەر گیانی خەڵک و یەکێک لەو پارێزگایانەی کە زیانێکی زۆری بەرکەوتوە، پارێزگای خووزستانە کە زۆر لە گوندەکانی ژێر ئاو کەوتوون و ئێستا مەترسی ڕووی لە ناوەندی شارەکەش کردووە. بەهۆی مەترسی لافاوەکە و دەستەوەستانی حکوومەت بۆ گۆڕینی ڕێرەوی ئاوەکان یا بەربەست سازکردن بۆ پاراستنی شارەکە، پارێزگاری خووزستان داوای لە خەڵکی شاری ئەهواز کردووە کە بەشێک لە شارەکە واتە ٧٠ هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
خەڵکی پارێزگای خووزستان کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێرانە، ڕێژیم بەهۆی هەڵاواردنی سیستماتیک کە لە ئێران پەیڕەو دەکرێ، بەشێوەی پێویست بەو ناوچەیە ڕانەگەیشتوە، ئاوڕی لە ژیانی خەڵکەکە نەداوەتەوە و خزمەتگوزارییەکان لەوپەڕی خراپیدان. لەگەڵ ئەوەی کە پێشتریش خەڵکی ئەو پارێزگایە بەشێوەی جۆراوجۆر بێزارییان لەو حکوومەتە گەندەڵ و ناکاراەمەیە دەربڕیوە، ئێستاش کە بەهۆی ئەو لافاوانەوە تووشی زیان و نەهامەتی زۆر بوون، ناڕەزایەتیەکانیان لە ڕێژیم زیاتر بووە و گلەیی و گازەندەیان لە حکوومەت ئەوەیە کە بە فریایان ناگا و لە کاتە سەخت و هەستیارەکاندا نەک هەر پارێزگاری لە ژیان و ماڵەکانیان ناکا، بەڵکوو هەوڵێکیش بۆ نەجاتی گیانی ئینسانەکان نادات.