رۆژی ١٩ی خاكەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی بەرامبەر بە ٨ی ئاپریلی ٢٠١٩ی زایینی، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی لە ریزی گروپە تیرۆریستیەكاندا داناوەو بەو نزیكانەش وردەكاریی ئابلۆقەكانی سەر ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە ئاشكرا دەكات.
لەپاش نزیكەی 40 ساڵ لە دامەزراندنی سپای پاسدارانی رژیم، ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی ئەمریكا ئەگەرچی درەنگ، لەلایەن گەلانی ستەملێكراوی ئێرانو بەتایبەتی خەڵكی كوردستانەوە بە ئەرێنی سەیر دەکرێ، كە یەكەم گۆڕەپانی تاوانە دژە مرۆییو تیرۆریستییەكانی پاسدارانی رژیم لەكوردستان بووە. ئەوەی کە سپای پاسدارانی رژیم لەناوەڕۆکی خۆیدا هێزێکی سەرکوتکەر، تیرۆریست و دەستێوەردەر لە وڵاتانی دوور و نزیک بەتایبەت وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دایە، نە بۆ خەڵکی ئێران و نە بۆ زۆربەی وڵاتان جێگای گومانی نەهێشتۆتەوە و جێگرتنی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستەکاندا شوێنێکی پڕ بەپێستیەتی.
ئەم بڕیارەی سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەكاتێكدایە كە ماوەی 4 دەیەیە سپای تیرۆریستی پاسداران دژ بە گەلانی ئێران و بەتایبەت دژ بەگەلی کورد بە كوشتنو زیندانو رفاندن لە ناوخۆو دەرەوەی ئێران و تۆپباران و موشەکبارانی بارەگاکانی هێزەکوردیەکان، چالاكی تیرۆریستی دەكات. لەحاڵێکدا پێویست بوو زۆر زووتر لەئێستا و پێش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وڵاتانی ئوروپایی و یەکیەتی ئوروپا ئەو پێویستییەی ئەنجام دابا کە بەشێکی بەرچاوی تیرۆرەکانی سوپای پاسداران لە وڵاتانی ئەوان بە ئەنجام گەیشتوون و سەروەریی خاک و دەسەڵاتی ئەوانی پێشێل کردووە. تەنانەت پاش تیرۆری غوڵامی کەشاوەرز لە لارناکای قێبرس و کاک سدیقی کەمانگەر لە باشوری کوردستان و دواتر دوکتور قاسملوو لە ویەن، زۆر نیشانەکان ئەو ڕاستیەیان دەرخست و، لەوە زیاتریش پاش تیرۆری دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلین و پێداگری دەزگای قەزایی ئاڵمان بۆ درێژەدان بە لێکۆڵینەوە لەو تیرۆرە تا بە ئاکام گەیشتن و تیرۆری سەدان هەڵسوڕاوی سیاسی دیکە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی لە بەرزترین پلەی دەسەڵاتدا لەلایەن دادگایەکی بەناوبانگی ڕۆژئاوایی بە ئەمردەری ئەو تیرۆرە بە جیهان ناساند. بەداخەوە ئورووپاییەکان تەنیا بەهێندێ هەڵوێستی ناشوێندانەر وەک بانگکردنەوەی سەفیرەکانیان لەتاران بۆ ماوەیەکی کورت قەناعەتیان کرد.
لەئێستادا سپای پاسداران تەنیا هێزێکی سەربازیی سەركوتگەر نیە، بەڵكو لەماوەی چواردەیەی رابردوودا هەموو جومگە ئابوریی، سیاسی و سەربازییەكانی ئێرانی بەدەستەوە گرتوەو بۆ پاراستنی بنەماكانی ویلایەتی فەقیەو هێشتنەوەی دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی لە رێگەی دروستکردنی سپای قودس هەموو ئامرازێكی دژە ئینسانیو تیرۆریستی بەكار هێناوەو بەكاری دێنێت. سپای پاسداران جێبەجێكاری سیاسەتی پاوانخوازانەی رژیم بە ناو هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنورەكانی خۆی بووەو بە دروستكردنی دەیان رێكخراوی تیرۆریستی دیكە لەژێر ناوی جۆراوجۆ دەستی لەكاروباری وڵاتانی ناوچەكە وەك عێراق، سوریە، لوبنان…. وەرداوەو بۆ پێكهێنانی هیلالی شیعە بە خەرج كردنی بودجەی خەیاڵیو لە رێگەی تیرۆرو كوشتن هەوڵ بۆ دروستكردنی هیلالی شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات. هەر ئێستاش سپای پاسداران بە پشتیوانی لە هێزە توندڕەوە شیعەکان لەوانە ١٥ گروپی چەکدار لە عێراق، سوریەو لوبنان پشتیوانی دارایی و لۆجستیکی دەکات، بۆیە بڕیاری ئابلۆقەی سپای پاسداران دەبێت گورزی كاریگەر لەو سامانو سەرمایە زەبەلاحە بدات كە سپا كۆیكردوتەوەو پشتیوانی گەورەی مانەوەیەتی.
بەلەبەر چاوگرتنی ئەوە کە لە بەشێک لە وڵاتانی ناوچە هەم هێزی سەربازیی ئەو سوپایە و هەم هێزی سەربازیی ئامریکایان لێ جێگیرە، ئەگەری تێکهەڵچوونی سەربازیی لەو ناوچەیە زیاد دەکات و تاوانی ئەو قەیرانە نیزامیەش راستەوخۆ لە ئەستۆی سپای پاسداران و رژیمی ئێرانە کە هەتا ئێستاش لەهەموو شەڕەکانی ئەو ناوچەیە لایەنگری ئاژاوە و تیرۆر بوون. هاوکاتبوونی، درێژکردنەوەی سزاکانی یەکیەتی ئورووپا لەپێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە لەلایەن شۆڕای وەزیرانی یەکیەتی ئورووپا دەربڕی ئەو ڕاستیەیە کە یەکیەتی ئورووپاش سەرەڕای راگەیاندنی پابەندبونی بە بەرجام، بەڵام ناتوانێ لە ئاست سیاسەتی تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕانەی رژیمی ئیسلامی ئێران بێدەنگ بێت. بەتایبەت کە ڕەفتاری تیرۆریستی سوپای پاسداران لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا لەلایەن چەند وڵاتی ئورووپاییەوە بە ئاشکرا لەقاو درا و لە بەرانبەر چالاکییە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا سکاڵایان بۆ سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز کردۆتەوە.
دەرچونی بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی رژیم دەرنجامی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامییە لە ئێران و ناوچەکەدا. نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە یەکێک لە بەرچاوترین قوربانیانی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێران و زەجرچێشتووی ڕەفتاری سەرکوتکارانەی سوپای پاسداران بووە و هەیە و سەدان تێکۆشەری کورد تیرۆر کراون .
ئەو ڕاستیەش لەبەرچاوە تا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواوییەتی خۆیدا بمێنێت ئاستەمە ناوچە ڕووی ئارامی و ئاسایش بەخۆوە ببینێ و تیرۆریزم ڕیشەکێش ببێ.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی ٩ی ئاوریلی ٢٠١٩ی زایینی